عێراق

سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا

بە مەبەستی دانانی بەردنی بناغەی شەقامی ١٠٠مەتری، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بەیاوەری جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی گەیشتە سلێمانی و لە رێورەسمێکدا تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێم لەبواری خزمەتگوزاری و چاکسازیدا.

Heman Hussein Yaseen, Rewa Mahmood Hasan  | 11.07.2020 - نوێکردنەوە : 12.07.2020
سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دانا

Arbil
سلێمانی - AA

بە مەبەستی دانانی بەردنی بناغەی شەقامی ١٠٠مەتری، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی بەیاوەری جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی، وەزیری شارەوانی ساسان عەونی گەیشتە سلێمانی و لە رێورەسمێکدا تیشکی خستە سەر ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی لەبواری خزمەتگوزاری و چاکسازیدا.

دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی یەکەمجارە سەردانی شاری سلێمانی دەکات و بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی دادەنێت و لەمیانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەشدا بەڵێنیدا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانی دەبێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی ئەم شارە.

لە رێورەسمەکەدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی گوتی: ''سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە خۆشەویستانی ئەم شارە شایانی پڕۆژەی گەورەترن و ئێمەش بەڵێنمان داوە کە خزمەتکاری خەڵک بین و گرنگی بە ژێرخانی ئابووری ھەرێم بدەین کە یەکێک لەوانە دروستکردنی رێگاوبانە و ئەمڕۆش پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری سلێمانی دەکەین بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی دروستکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری''.

مەسروور بارزانی گوتیشی: ''راستە ئەم پڕۆژەیە لەمێژە راوەستاوە، ئێمە ھەروەکچۆن بەڵێنمادا و بەڵێنەکەمان بردە سەر و، گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئامادەییان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بەڵێنی خزمەتگوزاریمان بە ھاووڵاتییان داوە بەبێ جیاوازی، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە تووشی چەندین قەیران بووین، لەوانە قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت لە جیھاندا، ھەروەھا بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە رێگرییکرد لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکوومەت بەڵام ئەم کێشانە ناتوانێت بمانوەستێنێت''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی گوتیشی: ''دەمەوێت سوپاسی ھەموو کابینەکە بکەم کە ھاوکاری یەکتربووین ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە، راستە ئێمە لە حزب و لایەنی جیاواز ھاتووین و حکوومەتی ئیئتیلافیمان پێکھێناوە،‌ بەڵام وەزیرەکانی ئێمە حزبی نین و، ئەمەش وایکردووە کە تیمێکی کاریگەرمان ھەبێت بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی ئێوە بکەین و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەم قەیرانانە ببینەوە''.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ئاماژەی بە دۆخی ھاووڵاتییان و بابەتی قەیرانی چاکسازی کرد و گوتی: ''دەمەوێت ئاماژەی بە شتێک بکەم، ئێمە رووبەڕووی قەیران بووینەتەوە لە ئەنجامی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە دونیادا، بۆیە ھەوڵی ئەوەمان داوە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەم دۆخە، ئەمەش وایکردووە ھەندێک پرسیار دروست بێت، بۆیە با پڕۆسەی چاکسازی لەگەڵ قەیرانی ئاابووری تێکەڵ نەکرێت، ئێمە سوپاسی خەڵک دەکەین کە پشوو درێژبوون بەتایبەت لە دواکەوتنی مووچە، بۆیە پڕۆسەی چاکسازی بەردەوامە،‌ بەڵام شتێک نیە کە ئەنجامەکەی بە شەو و رۆژێک دەرکەوێت، ئەگەر بەشێک لەم چاکسازییانە نەبووایە رەنگە نەماتوانیبووایە ھەندێک لەو کارانە بکەین کە ئێستا کردوومانە''.

مەسروور بارزانی گوتیشی: ''باسی ئەوە دەکرێت کە گوایا دەستکاری مووچە بەشێکە لە چاکسازی، بێگومان ئەمە وانییە، چونکە چاکسازی شتێکی دیکەیە، بەڵکو ئێمە تەنیا ویستوومانە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو بڕە بوودجەیەی کە لەبەردەستی حکوومەتدا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا خەمی گەورەی ئێمە دابینکردنی مووچەیە بەڵام لەھەمانکاتدا جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی ھەر بۆ خزمەتکردنی ئێوەیە و ھیوادارم بە یەکەوە بتوانین رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینەوە و ئەم قەیرانە تێپەڕێینین''.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە ھاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییە تەندروستیییەکان بن و، سوپاسی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانیشی کرد کە لە خزمەتی خەڵکی شارەکەدا بووە و، پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ ھەموو جۆرە ھاوکارییەک دەربڕی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی گوتیشی: ''باس لەوە دەکرێت کە دەسەڵاتەکان زیاتر بدرێت بە پارێزگارەکان، بێگومان ئەمە لە بەرنامەی حکوومەت ھەیە و لەم کابینە و پێشتریش دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەکان و بەردەوامیش دەبین''.

لە ساڵی ٢٠١٣ بڕیاری دەستپێکردنی شەقامی ١٠٠ مەتری درا بەڵام بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی پڕۆژەکە وەستا و ئەمساڵیش لە ‌ ١٣ی شوبات ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانیی،‌ بە دوو ئاراستەی جیاواز دروست دەکرێت و خێرایی لێخوڕین ١٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە و تێچووی پڕۆژەکە ٣٢٢ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار دۆلارە واتا چوار سەد ملیار دینارە و، بەشێک لە بوودجەکەی لەلایەن کۆمپانیای قەیوان وەکو قەرز دابین دەکرێت و، ھەفتەیەک دوای دانانی بەردی بناغەش، دەست بە کارکردن دەکرێت و ماوەی جێبەجێکردن سێ ساڵی کارکردنە و گرێبەستەکە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیای قەیوان کراوە و تەواوی شەقامەکە ١٤٦ کیلۆمەترە و لە قۆناغی یەکەم کە درێژییەکەی ٣٢ کیلۆمەترە و، لە تاسڵووجە دەست پێدەکات تا گوندی دەمرکانی سەر بە ناحیەی عەربەت، قۆناغی دووەمیش، لە عەربەتەوە دەست پێدەکات تا تونێڵی پێشڕەو لە چیای ئەزمڕ، قۆناغی سێیەمیش لە چیای ئەزمڕەوە تا تاسڵووجەیە.

شەقامی سەد مەتری لە رۆژی شەشی ١١ی ٢٠١٣ لەلایەن جێگری ئەوکاتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان عیماد ئەحمەد بەردی بناغەی بۆ دانرا، بەڵام بەھۆی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە، پڕۆژەکە نەخرایە واری جێبەجێکردن و، ئەمڕۆش ١١ی تەمووزی ٢٠٢٠ لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، جارێکی دیکە بەردی بناغەی دانرا و بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın