سياسەت, جيهان

سەرکردەکانی ئەورووپا لە مۆڵدۆڤا کۆبوونەوە

نزیکەی ٥٠ سەرکردەی ئەورووپا بەشدارییان لە دووەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپا (AST)دا کرد لە مۆڵدۆڤا.

Ömer Tuğrul Çam, Ferdi Türkten  | 01.06.2023 - نوێکردنەوە : 01.06.2023
سەرکردەکانی ئەورووپا لە مۆڵدۆڤا کۆبوونەوە

Brussels Hoofdstedelijk Gewest

بولبۆاکا - AA

نزیکەی ٥٠ سەرکردەی ئەورووپا بەشدارییان لە دووەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپا (AST)دا کرد لە مۆڵدۆڤا.

سەرکردەکانی ٤٧ وڵات و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا، جگە لە رووسیا و بێلاڕووس بانگهێشتی لووتکەی کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپا (AST) کران کە لە قەڵای مێژوویی میمی کە نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە کیشیناو پایتەختی مۆڵدۆڤاوە دوورە، بەڕێوەچوو.

لووتکەکە هەروەها بە بەشداریی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بەڕێوەچوو.

لە میانی دووەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپادا "پەیامێکی یەکگرتووی بەهێز" لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاواوە ئاراستەی مۆسکۆ کرا.

بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە ئامانجی داهاتووی رووسیا دوای ئۆکرانیا، مۆڵدۆڤا دەبێت بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا جەختیان لەوە کردەوە پشتگیری لە حکوومەتی مۆڵدۆڤا دەکەن.

ساڵی رابردوو نزیکەی سێ مانگ دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا لە هەمان کاتدا پێگەی "وڵاتی کاندید"ی بە ئۆکراینا و مۆڵدۆڤا بەخشی. چاوەڕوان دەکرێت لە میانی لووتکەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا جەخت لە پاڵپشتیی بەهێزی خۆی بۆ مۆڵدۆڤا بکاتەوە.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین کە رۆژێک بەرلە لووتکەکە گەیشتە مۆڵدۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە هاتنی نزیکەی ٥٠ سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەت بۆ مۆڵدۆڤا “پەیامێکی زۆر بەهێزە” بۆ کرملین و گوتی: "مۆڵدۆڤا لە دڵی ئەورووپادایە، مۆڵدۆڤا ئەورووپایە".

لە میانی لووتکەکەدا، حکوومەتی مۆڵدۆڤا هەوڵ دەدات سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام بەتایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیدارەی یەکێتییی ئەورووپا رازی بکات بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئەندامێتیی لە یەکێتیی ئەورووپا.

سەرکۆماری مۆڵدۆڤا، مایا ساندو بەرلە کۆبوونەوەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکاندا باس لە ئەندامێتی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەورووپا دەکات و دەیانەێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ببنە ئەندامی یەکێتییەکە.

- پرسی ئازەربایجان-ئەرمینیا و کۆسۆڤۆ لە رۆژەڤدان

کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپا (AST) وەک سەکۆیەک دەبینرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕای سەرکردەکانی ئەورووپا و هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتانەی کە پێویستییان بە چارەسەر هەیە.

سەرکردەکان لەم چوارچێوەیەدا لە لووتکەی مۆڵدۆڤا، کۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەلایەنی ئەنجام دەدەن. یەکێک لە کۆبوونەوەکانیش تایبەت دەبێت بە هەوڵەکانی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

دانوستانەکانی نێوان سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ و سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا، نیکۆل پاشینیان کە بە دەستپێشخەری سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارلس میشێل دەستی پێ کرد لە میانی لووتکەی مۆڵدۆڤاشدا بەردەوام دەبێت.

ئەمجارە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز و سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن بەشداری کۆبوونەوەی ئەو سێ سەرۆکە دەکەن.

لە میانی لوتکەکەشدا باس لە رەوشی کۆسۆڤۆ دەکرێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا دووبارە گرژییەکانی زیادیان کردووەتەوە. هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ، ئالبین کورتی و سەرکۆماری سربیا، ئەلێکساندەر ڤوچیچ لەنێو سەرکردە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگای سیاسیی ئەورووپا (AST) دان.

هەر لە میانی لووتکەکەدا، سەرکردە بەشداربووەکان بە چوار گرووپ کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامدەدەن و تیایدا گفتوگۆ لەسەر پرسەکانی ئاسایش، وزە و گەیاندن دەکەن.

- فڕۆکەکانی ناتۆ لە ئاسمانەوە چاودێری رەوشی ئەمنی دەکەن

بەهۆی لووتکەکەوە لە شاری کیشیناو رێوشوێنی ئەمنی توند گیراونەتەبەر، هەروەها کایەی ئاسمانیی شارەکە بەڕووی هاتوچۆی فڕۆکەوانییدا داخراوە و تەنها فڕۆکەکانی ناتۆ لە ئاسمانەوە چاودێری رەوشی ئەمنی شارەکە دەکەن.

هێزە ئەمنییەکانی شارەکەش شەقامە سەرەکییەکانیان گرتووە و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی هاتوچۆدا داخراون، هەروەها رۆژنامەنووسانیش بە شەمەندەفەر گوزرانەتەوە بۆ کۆشکی میمی کە کۆبوونەوەکەی تیادا دەکرێت. بەهۆکاری ئەمنیش هیچ هۆکارێکی گواستنەوە بەکارناهێندرێت، رۆژنامەنووسان کە لە ٥٠ وڵاتەوە بۆ رووماڵکردنی کۆبوونەوەکە چوونەتە مۆڵدۆڤا دوای یەک کاتژمێر بە شەمەندەفەر توانیان بگەنە شوێنی کۆبوونەوەکە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن