Greater London
لەندەن - AA
سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا، بۆریس جۆنسۆن بەهۆی ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ (COVID-19) لە وڵاتەکەیدا گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار، بڕیاری گرتنەبەری چەند رێوشوێنێکی دا، لەو چوارچێوەیەشدا باڕ و چێشتخانەکان لە کاتژمێر ۱۰ی شەودا دادەخرێن.
پێش هاتنی کاتژمێر ۱۰ چێشتخانە و باڕەکان میوانەکانیان لە کۆتاییهاتنی کاتی کارکردن ئاگادار دەکەنەوە و گارسۆنەکانیش دەست بە کۆکردنەوەی کورسی و مێزەکان دەکەن.
بڕیاریشە ئەم رێوشوێنانە بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بن و هەر خاوەن کارێک پابەندنەبێت بە بڕی ۱۰ هەزار پاوەند سزا دەدرێت.
هەر لە چوارچێوەی رێوشوێنە نوێکانی بەڕیتانیا-دا بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە گشتییەکاندا کراوەتە زۆرەملێ.
هەروەها ژمارەی بەشداربووانی بۆنە و رێوڕەسمەکان لە ۳۰ کەسەوە بۆ ۱٥ کەس کەمکراوەتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە رۆژی ۲٤ی ئەیلوول، شەش هەزار و ٦۳٤ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کرا کە ئەمە بەرزترین ژمارەیە تا ئێستا لە ماوەی رۆژێکدا لەو وڵاتە تۆمار کرابێت.
راوێژکاری زانستی حکومەتی بەڕیتانیا، پاتریک ڤالانس رۆژی ۲۰ی ئەیلوول لە لێدوانێکیدا رایگەیاند "هەفتانە ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا دوو هێندە زیاد دەکات و ئەگەر رەوشەکە بەوشێوەیە بەردەوامبێت لە ناوەڕاستی مانگی ئایندەدا، رۆژانە ٥۰ هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە دەبن"