رێبەر ئەحمەد: "دەسەڵات بە پارێزگارەکان دراوە، سزای سەرپێچیکاران بدەن"
بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچوو.
Arbil
بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەدەچوو.
تەوەری کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستیی و بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە راگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ میدیاکاران دوا.
رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: "لە رێگەی داواکاری گشتییەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەوانە دەگیرێتە بەر کە دژبە رێنماییەکانی حکوومەت قسە دەکەن".
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان گوتی: "کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ھەرێمی کوردستان زیاترە لە جاران و چاوەڕوانی حاڵەتی دیکەی مردنیش لە ھەرێم دەکرێت".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''رۆژانە لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ بۆ ٤٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن''.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشکرد: "ئەوەی لە ماوەی رابردوو لەسەر شانی حکوومەت بوو بە جێمان گەیاندووە، بەڵام بەداخەوە خەڵک لەسەر شەقام وەک پێویست ھاوکار نەبووە بۆ خۆپاراستن".
رێبەر ئەحمەد لە درێژەی کۆنگرەکەدا گوتی: "دەسەڵات بە پارێزگارەکان دراوە، سزای سەرپێچیکاران بدەن و ھەروەھا دەسەڵات دراوە بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کە بڕیار لە ئاسانکاریکردن بۆ خەڵک بکەن بە تایبەتی بۆ جووتیاران، خاوەن کێڵگە کشتوکاڵییەکان و نانەواخانەکان".