عێراق

دەروێشەکانی تەریقەتی قادری کەسنەزانیی گەڕانەوە ئێران

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری باشماخ، لیوا مەریوان کەمال: "793 دەروێش کە پێشتر بە نایاسایی بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخەکەیان هاتنە هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دوێنێ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی باشماخ لە دیوی ئێڕان گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان".

Hawkar Yaseen  | 12.07.2020 - نوێکردنەوە : 13.07.2020
دەروێشەکانی تەریقەتی قادری کەسنەزانیی گەڕانەوە ئێران

Arbil

هەولێر - AA

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر دەروێش و موریدی شێخ محەمەد کەسنەزانی بۆ بەشداریکردن لە پرسەی شێخەکەیان لە دەروازەی سنووری باشماخ-ەوە بە نایاسایی هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان-ەوە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە و ئاسایشی پێنجوێن و بەرپرسانی دەروازەی سنووریی باشماخ لە دیوی ئێران سەرجەمیان گەڕێندرانەوە.

بەرێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ، لیوا مەریوان کەمال لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئەوکاتەی دەروێشەکان بە لێشاو هاتنە سنووری هەرێمی کوردستان و سنووریان بڕی لە پێنجوێن ئاسایش هەموویان کۆکردبووەوە و ناونووسی کردبوون و ناسنامەی لێ وەرگرتبوون، دواتریش بە پاسی تایبەت گەیەندرانە سلێمانی، ئێوارەی دوێنێیش لە سلێمانی-یەوە دوای تەواوبوونی پرسەکە هەموویان بە پاس هێندرانەوە پێنجوێن و ناسنامەکانیان پێدرایەوە وهەموویانمان گەڕاندەوە خاکی ئێران".

لیوا مەریوان کەمال گوتیشی: "ژمارەی دەروێشەکان 793 کەس بووە و بەپێی بەرنامەیەک 50 کەس 50 کەس دەمانناردنە دیوی ئێران تا هەموویان گەڕێندرانەوە بەبێ ئەوەی هیچ کێشە و گرفتێک رووبدات".

بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی باشماخ، لیوا مەریوان کەمال هەروەها گوتی: "بەپێی ئەو زانیاریانەی هەمانە لە ئێران-یش هیچ گرفتێکیان بۆ دروست نەکراوە و لە دەروازە سنووریەکەوە پاسیان بۆ ئامادەکراوە و هەموویان گواستراونەتەوە بۆ شاری مەریوان".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın