عێراق

دیندار زێباری: "گرووپە چەکدارییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان هەڕەشەن بۆسەر خەڵک و دانیشتوانی ئەو سنوورانە"

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری: "رەفتاری نابەرپرسانەی گرووپە چەکدارییەکانی ئەو سنوورانە کە هیچییان خەڵکی ئەو ناوچانە نین و لە شوێنی دیکەوە هێندراون و بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نووستووی داعش، ".

Hawkar Yaseen  | 12.07.2020 - نوێکردنەوە : 13.07.2020
دیندار زێباری: "گرووپە چەکدارییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان هەڕەشەن بۆسەر خەڵک و دانیشتوانی ئەو سنوورانە"

Arbil

هەولێر - AA

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری رایگەیاند "لە دوای هێرشەکانی داعش دانیشتوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دووچاری نەهامەتییەکی زۆر و ئاوارەیی و سووتانی ماڵ و موڵک و خانووەکانیان بوونەوە و دەیان هەزاریان لە شارەکانی کوردستان ئاوارە و دەربەدەر بوون، دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعشیش کێشەکانی ئەم ناوچانە و مەینەتییەکانی خەڵکەکەی وەک خۆیان مانەوە، بەڵام بە شێوازێکی دیکە".

دیندار زێباری لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "لەلایەن چەند گرووپێکی چەکداری جۆراوجۆرەوە کە لەو ناوچانە باڵادەستن، چەند ساڵێکە له‌ میانی دروێنه‌كردنی ره‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جووتیارانی سنووره‌كه‌ هەڵدەستن به‌ سووتاندنی ده‌غڵ و دانەکانیان و ئاگرتێ به‌ردان و بۆمبڕێژكردنی زه‌وی وزاری گونده‌كان، سەرەڕای کوشتن و گرتنیان".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری ئاماژەی بەوەیش داوە "ئەو هێزانەی لەو ناوچانەداهەن ھەڕەشە لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەن ئەگەر ناڕەزایی دەرببڕن یان ئەو تاوانانە ئاشکرا بکەن کە لە بەرامبەر خۆیان یان کەسوکاریان ئەنجامیان داوە".

دینداری زێباری راشیگەیاندووە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکرێت بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام رەفتاری نابەرپرسانەی بەشێک لەو هێزانە کە هیچیان لە رۆڵەکانی ئەو ناوچانە نین و لە شوێنی دیکەوە هێنراون و بوونی ژمارەیەکی زۆر شانەی نووستووی داعش بۆتە هۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، ئەمەیش وایکردووە کە دانیشتوانەکەی نەتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری بۆ چارەسەری دۆخی ناسەقامگیری ئەو ناوچانە بە گرنگییەوە باسی لە پێویستی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە بۆ ئەو سنوورانە و نووسیویەتی "پێش هاتنی داعش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە ماوەی ساڵانی 2003-2014 هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنیی ناوچەکەیان کردبوو و ئاسایشی ئەو ناوچەیە بە جۆرێک پارێزراوبوو کە هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لەو ناوچانە رووی نەداوە، مێژووی ئەم ناوچەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە پێکهێنانی هێزی ئەمنیی هاوبەش باشترین چارەسەرە بۆ پاراستنی رەوشی ئەمنیی ناوچەکە بۆ ئەوەی سەرجەم پێکهاتەکان پێکەوەبژین و ناوچەکەیان بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت".

دیندار زێباری دەشڵێت "داوامان لە رێکخراوەکان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە پێویستە هەرچی زووە بەهانای خەڵکی ئەم ناوچانەوە بێن، پێویستە ئەو ناوچانە لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری راشیدەگەیەنێت "دەبێت خەڵکی ناوچە جێناکۆکەکان لایەنێک بن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیانیان هەبێت، بۆیە ئێمە بە باشی دەزانین بارودۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە جێگیر و سەقامگیر بێت و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێندرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان بەتایبەت بەم دواییە کردەوە تیرۆریستییەکانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادی کردووە و رۆژانە قوربانی هەیە، بۆیە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بوونیان هەبێت لەو ناوچانە بۆ ئەوەی هاریکاربن لە هێنانەدیی سەقامگیری".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın