عێراق, کۆڤید- ١٩

دهۆك.. لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکان ناکەن

- ئاژانسى ئا‌نادۆڵو له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ لیژنه‌كانى قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى دهۆك سه‌ردانێكى مه‌یدانى بۆ ناو بازاڕى دهۆك ئه‌نجام ده‌دات.

24.06.2020 - نوێکردنەوە : 25.06.2020
دهۆك.. لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا چاوپۆشی لە پێشێلکارییەکان ناکەن

Dahuk

دهۆک - AA

دوای ھەڵگرتنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دھۆک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری ئاسایکردنەوەی ژیانی دا لەژێر رێوشوێنی تەندروستی توند، بۆ ئەم مەبەستەش چەند لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوبەرایەتییە تایبەتمەندکان پێکھێنران بە سەرپەرشتی قایمقامەکان، کاری ئەم لیژنانە ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییانە لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سزادانی ئەو کەسانەیە کە پابەندی رێنمایەکانی خۆپارێزی نابن.

تەنھا لە قەزای ناوەندی دھۆک ١٠ لیژنەی ھاوبەش ھەن کە ھەر لیژنەیەک نوێنەرەکانی ١٥ بەڕێوەبەرایەتی تیایدا ھەن وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی، پۆلیس، ئاسایش، گەشتوگوزار، ڤێتەرنەری و چەندین بەڕێوبەرایەتی تر، ئاژانسی ئانادۆڵو لەگەڵ یەکێک لە لیژنەکانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی دھۆک سەردانێکی مەیدانی بۆ ناو بازاڕی دھۆک ئەنجام دا.

ئەو لیژنەیەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی مەیدانی لەگەڵی ئەنجامدا تاوەکو ئێستا سەردانی زیاتر لە چوار ھەزار شوێنی کردووە و ھۆشداری داوەتە زیاتر لە ٥٠٠ شوێن و نزیکەی ٨٠ شوێنی داخستووە کە ھەشت شوێن لەوانە رەوانەی دادگا کراون و سزای ماددی بە بڕی ٢٠ ملیۆن دینار بەسەر ٣٠ شوێندا سەپێنراوە و کەلوپەلی دوو کارگەی دروستکردنی ماددەی تەعقیمکردن لەناوبراون.

لە میانی سەردانکردنی بازاڕی دھۆک، سەرپەرشتیاری لیژنەی بەدواداچوون لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی دھۆک، یوسف محەمەد حەسەن بو ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لیژنەی بەدواداچوون پێکهاتووە لە ١٥ بەڕێوەبەرایەتی و کاری ئەم لیژنە ئەوە یەکە رۆژانە لەسەر مارکێت و چێشتخانە و نانەوانخانە و سەرتاشخانە و ئاراێشگا و ھەموو شوێنەکان دەگەڕێن و ھەر کارێک کە لە دھۆک بکرێت ئەم لیژنانە بەدواداچوونی بۆ دەکەن".

یوسف محەمەد حەسەن گوتیشی: "ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ پێگیرى به‌ رێنماییه‌كانى خۆپارێزى نا‌كه‌ن دووجار هوشدارى ده‌ده‌ینێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جارى سێیه‌م پابەند نەبوون به‌ رێنمایه‌كان سزاى داراییان ده‌ده‌ین یان دایان ده‌خه‌ین".

نوێنەری سەندیکای دەرمانسازانی دھۆک لە لیژنەی بەدواداچوون، دکتور کاوار رەشید محەمەد بو ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە نەک تەنها بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خوپارێزی لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دەکەین بەڵکو ئێمە چاودێری بازاڕیش دەکەین و لە کواڵێتی کەلوپەلەکان و پێداویستیە تەندروستییەکان وەک ماسک و دەستکێش دەکوڵینەوە و رێگاش نادەین کە خاوەن کارەکان بەھۆی ئەم بارودۆخەوە نرخی کەلوپەلەکانیان لەسەر ھاووڵاتییان گران بکەن".

ھاووڵاتییانی دھۆک کاری ئەم لیژنانە بەرز دەنرخێنن و ھاوکارن لەگەڵ حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا، لەمبارەیەوە خاوەن مارکێتێک بە ناوی ھوگر سەفەر شەریف قسەی بو ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و گوتی: "ئەم لیژنانە کارێکی زۆر باش دەکەن و بەھۆی ئەوانەوە ئێستا ھەموو شوێنەکانی کارکردن پێگیری بە رێنماییەکانی خۆپارێزی دەکەن و ئێمەش قسەی ئەوان بە ھەند وەردەگرین و ھەرشتێک کە ئەوان بە ئێمە بڵێن ئێمە ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی خۆمان لە ڤایرۆسی کۆرونا بپارێزین".

خاوەن کارگەیەکی شیرنەمەنی بە ناوی سەعید عەبدولخالق عەلی بو ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆرۆنا ڤایرۆسێکی زۆر مەترسیدارە لە ھەموو جیھانیش بڵاوبۆوە، بۆ خۆپارێزی لە ئەم ڤایرۆسە ئێمە وەکو ستافی کار ھەموو رێنماییەکانی خۆپارێزی بە تایبەت ئەو رێنمایانەی کە لیژنەکانی بەدواداچوون بە ئێمە دەدەن جێبەجێ دەکەین و ھەموو کارمەندەکانمان لە کاتی کارکردن دەمامک و دەستکێش بە کاردەهێنن".

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای دھۆک تا ئێستا ١٥٤ حاڵەتی تووشبون بە ڤایرۆسەکە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراون و ١١٨ نەخۆش بە تەواوی چاکبوونەتەووە و گەڕێندراونە ماڵەکانیان و ئێستا ٣٦ کەسی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نەخوشخانەکاندا ماون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın