ئابووری

داوای راگرتنی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان دەكرێت

- ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال محەمەداوی: "داوا دەكەم دابینكردنی نەوتی خاو بە ئامانجی پاڵاوتن بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان رابگرێت".

21.06.2020 - نوێکردنەوە : 23.06.2020
داوای راگرتنی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان دەكرێت

Arbil

بەغدا ــ AA

ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال محەمەداوی داوای كرد كە دابینكردنی نەوتی خاو بە ئامانجی پاڵاوتن بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان رابگیرێت و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە گرنگە دووبارە هاوسەنگی لە گرێبەستەکانی وەبەرهێنان لەو دوو پاڵاوگەیەدا بكرێت.

لەمبارەیەوە جەمال محەمەداوی راگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا لە ئەنجامی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) كە بەهۆیەوە خواست لەسەر نەوتی خاو كەمبووەتەوە و نرخەكەی گەیشتووەتە، لەسەدا 50 بە بەراورد بە نرخەكەی لە پێشوودا، كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووری نیشتمانیی دروست كردووە".

راشیگەیاندووە "لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، هێشتا تێچووی پاڵاوتنی یەك بەرمیل نەوت لەلایەن پاڵاوگاكانی بازیان و قەیوان كە بە 10 دۆلار جێگیركراوە، شەش هێندەی قازانجی پاڵاوتنی نەوتە لە جیهان".

ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەمال محەمەداوی ئاماژەی بەوەیش داوە كە تەنانەت كوالێتی پاڵاوتنی نەوت لەو دوو پاڵاوگەیە بە بەراورد بە كوالێتی پاڵاوتنی نەوتی هاوردەكراوە نزمە كە ئەو كارەیش زیانێكی گەورەیە بۆ وەزارەتی نەوت.

جەمال محەمەداوی داوای كرد كە دابینكردنی نەوتی خاو بە ئامانجی پاڵاوتن بۆ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان رابگرێت و راشیگەیاند "گرنگە دووبارە هاوسەنگی لە گرێبەستی وەبەرهێنان لە پاڵاوگاكانی بازیان و قەیوان بكرێت، ئەوەیش بە ئامانجی كەمكردنەوەی تێچووی پاڵاوتنی نەوت لە هەردوو پاڵاوگەكە".

لە هەردوو پاڵاوگەی بازیان و قەیوان لە هەرێمی كوردستان، بەرووبوومە نەوتییەكان بە پاڵاوتنی 120 هەزار بەرمیل، دابین دەكرێت ئەویش بەپێی دوو گرێبەست كە كۆمپانیای كار لەگەڵ پاڵاوگەكانی بازیان و قەیوان واژووی كردووە.

بەپێی گرێبەستەكانیش دەبێت وەزارەتی نەوت، نەوتی خاو لە كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور بە ئامانجی پاڵاوتن بۆ پاڵاوگاكانی بازیان و قەیوان دابین بكات كە تێچووی پاڵاوتنی هەر یەك بەرمیلێك، بە 10 دۆلار جێگیركراوە و لە بەرامبەردا، حكوومەتی فیدرال بەرووبوومە نەوتییەكان لە هەردوو پاڵاوگەكە، وەردەگرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın