حکوومەتی عێراق: "پابەندین بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ"
- حکوومەتی عێراق: "پابەندین بە رێزگرتن لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ"
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە پابەندە بە رێزگرتن لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە حکوومەتی عێراق لەو راپۆرتەی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاگادارکراوەتەوە کە باس لە حاڵەتەکانی رفاندن، ئەشکەنجەدا، بێ سەروشوێن بوون دەکات لەمیانی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە یەکی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا ٢١ی ئاداری ٢٠٢٠.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە حکوومەتی عێراق دووپاتی دەکاتەوە پابەندە بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە عێراق لەوبارەوە واژووی کردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لەو چوارچێوەیەدا، حکوومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو رووداوانەی کە لە راپۆرتەکدا ئاماژەیان پێ کراوە، دووپات دەکاتەوە"
پێشتر نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاندبوو کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی عێراقدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو تا مانگی ئاداری ئەمساڵ، ٤٩٠ خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٥ی دیکەیش بێ سەروشوێنن.