عێراق

حكوومەتی عێراق بە دیاریكردنی وەزارەتێک بۆ توركمان تەواوكرا

ــ لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی بە دیاریكردنی وەزارەتێك بۆ توركمان تەواوكرا.

Zana Natık Kerem  | 06.06.2020 - نوێکردنەوە : 07.06.2020
حكوومەتی عێراق بە دیاریكردنی وەزارەتێک بۆ توركمان تەواوكرا

Arbil

بەغدا ــ AA

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بە ئامادەبوونی 247 ئەندامی ئەنجوومەنەكە، دانیشتنی ئاسایی خۆی سازكرد كە لەمیانیدا بە دیاریكردنی وەزارەتێك بۆ توركمان، دەنگ لەسەر تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی دا.

لە دانیشتنەكەدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران هەریەك لە فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوە، ئیحسان عەبدولجەبار بۆ وەزیری نەوت، محەمەد كەریم جاسم ساڵح بۆ وەزیری كشتوكاڵ، سالار عەبدولستار بۆ وەزیری داد، عەلا ئەحمەد حەسەن بۆ وەزیری بازرگانی، حەسەن نازم بۆ وەزیری رۆشنبیری و ئیڤان فائیق بۆ وەزیری كۆچ و كۆچبەران بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران متمانەیان پێ بەخشرا.

بەوەیش حكوومەتەكەی مستەفا كازمی تەواو كرا سەرجەم وەزیرەكان متمانەیان پێ بەخشراوە.

ــ دیاریكردن وەزارەتێك بۆ پێکهاتەی توركمان

هەر لە دانیشتنەكەدا، ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی دا بە پێدانی دەسەڵات بە کازمی بۆ زیادکردنی وەزارەتێکی دەوڵەت لە حکوومەتەکەی و کاندیدکردنی تورکمانێک بۆ ئەو پۆستە، ئەمەش بە ئامانجی بەشدارییکردنی پێکهاتەکانە لە پرۆسەی سیاسییدا. لە بەرامبەردا سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بەڵێنی دا ئەو كارە بكات، بۆ ئەوەی ئەو پێكهاتەیە بەشدار بێت لە بنتانانەوەی وڵاتدا.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە بەرامبەر دووبارە متمانە بە حكوومەتەكەی سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كرد و رایگەیاند كە ئەوهەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی.

كازمی دوای تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تویتێكی بەهەردوو زمانی عەرەبی و كوردی بڵاوكردەوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە تویتەكەیدا نووسیوویەتی:" سوپاس بۆ پەرلەمان كە دووبارە متمانەی بەحكوومەتەكەمان بەخشییەوە، ئەوە هەنگاوێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانمان، وەفادار و پابەندین بەرامبەر گەلی عێراق. بەگەشبینی و راستگۆییەوە داهاتوو بەڕێدەكەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın