عێراق

جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال هۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان

Heman Hussein Yaseen  | 29.03.2024 - نوێکردنەوە : 01.04.2024
جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال هۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەکان

Arbil

هەولێر - AA

ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە ماوەی شەش مانگیان دیاریی کردووە بۆ کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان لە عێراق و، پێشتریش ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتننامەیەکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق واژوو کرا و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەکە بریتییە لە کشانەوەی گرووپە میلیشیاکان و نەهێشتنی تیرۆریستان لە شنگال بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دروستبوونییەوە، ناوچە سوننەنشینەکانی کردە ئامانج و دانیشتووانی ناوچەکانیش ئاوارەی هەرێم بوون، بۆیەش سەرکردەیەکی پارتی موتەحیدون ئاماژە بەوە دەکات کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بڕیارێکی سیاسیی و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە زێدی ئاوارەکان سەقامگیرنیە و بە پێویستیشی دەزانێت کە بڕیارەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ بکرێتەوە.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا توانیوویانە لە پارێزگای دهۆک بەشێک لە ئاوارەکان بگەڕێننەوە ناوچە ئازادکراوەکانی دەشتی نەینەوا، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە پارێزگای هەولێریش بە چەند قۆناغێک ژمارەیەکی دیکەی ئاوارەکانییان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاندووەتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی بوونی گرووپی تیرۆریستان لە دەڤەری شنگال، نەتوانراوە خەڵکی ناوچەکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، عەلی سەعید لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە گشتی نزیکەی ٩٠٢ هەزار و ٣٧٩ کەس وەکو ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم تۆمارکراون لە کۆی ئەو ژمارەیەش ٦٣٠ هەزار و ٦٢ کەس وەک ئاوارە ، ٢٧٢ هەزار و ٣١٧ کەس وەک پەنابەر تۆمارکراون".

بەپێی داتاکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، ٢٤ کەمپ لە هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ ئاوارەکان تەرخانکراوە و لەبارەی ڕێژەی ئاوارەکان لە ناوە و دەرەوەی کەمپەکان، عەلی سەعید گوتی: "سەدا ٣٠ی ئاوارەکان لەناو کەمپەکان دەژین، هەروەها سەدا ٧٠ی لەگەڵ کۆمەڵگای خانەخوێ لە شار و شارۆچکەکان دەژین، ئەمە سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی دیکە".

عەلی سەعید گوتیشی: "ژمارەی ئەو ئاوارانەی لە نێو کەمپەکان دەژین بریتیین لە ١٥٧ هەزار کەس کە دەکاتە ٣١ هەزار و ٩٢٤ خێزان".

سەبارەت بە دوایين بڕیارەکانی حکوومەتی فێدڕاڵی بەتایبەت دەستیشانکردنی ٣٠ تەمووز وەک کۆتا وادە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، عەلی سەعید گوتی: "دوای پڕۆسەی ئازادکردنی ناوچەکان لە تیرۆریستانی داعش، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکرد، ئەوەی کە گرنگ بوو ئەوەیە ئەم پڕۆسەیە گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە بێت و ئێمە ناچینە ژێرباری هیچ جۆرە گەڕانەوەیەکی زۆرەملێ کە پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە تیمێکی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە پارێزگای دهۆک لە ژێر ناوی تیمی کاری گرووپی گەڕانەوە، تا ئێستا توانراوە لە پارێزگای دهۆک بە چەند قۆناغێک بەشێک لە ئاوارەکان کە ژمارەیان کەمتر لە ٥٠٠ خێزان بووە، بگەڕێنەوە ناوچە ئازادکراوەکانی دەشتی نەینەوا، هاوکات لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیاییدا قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی لە کەمپی خازر و حەسەن شام ڕاگەیاند، دوای ئەوەش بە چەند قۆناغێک پڕۆسەکە دەستی پێکرد و دوایین قۆناغیش، قۆناغی سێیەم بوو لە ٢٤ی ئاداری ئەمساڵ کە بریتیی بوو لە گەڕانەوەی ١٥٧ خێزان لەو ژمارەیەش ١٥٠ خێزانییان بۆ پارێزگای نەینەوا و حەفت خێزانیش بۆ پارێزگای سەڵاحەدین گەڕانەوە".

عەلی سەعید ئەوەیشی خستەڕوو کە پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت لە ڕێگای نێردەی دیپلۆماسی لە هەولێر و بەغدا لە ژێر ناوی پڕۆگرامی دانیشتووان و پەنابەران.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، عەلی سەعید لەبارەی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ هەرێم، گوتی: "لە ڕابردوودا گەڕانەوەی پێچەوانەوە هەبووە، بۆ نموونە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ بەهۆی پێکدادانی چەکداریی لە نێوان گرووپی تیرۆريسیتی و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی فێدڕاڵی لە شنگال نزیکەی ١٠ هەزار و ٧٠٠ کەس دووبارە ئاوارەی پارێزگای دهۆک بوونەتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە بوونی گرووپی میلیشیایی دەرچوو لە یاسا، بەدیاریکراوی لە شنگال هۆکاری بنەڕەتی ئەوەیە کە خەڵک نەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەر بۆیەش بۆچوونی ئێمە بریتییە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو گرووپە نایاساییانەی لە شنگال هەن بڕۆنە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانییان".

هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی موتەحیدون، خالد دەبونی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان، بڕیارێکی خێرا و سیاسییە، چونکە هەموومان دەزانین گەڕانەوەی ئاوارەکان پێویستی بە بوونی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، پەروەردەیی و سەقامگیریی ناوچەکانییانەوە هەیە، بەڵام وەک دەبینن ژێرخانی ناوچەکان تەواو وێران بووە، هیچ ئاوەدانکردنەوەیەک و نۆژەنکردنەوەیەکی تیادا نەکراوە، بەم جۆرەش خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە".

خالد دەبونی گوتیشی: "لەلایەکی دیکەوەش، ئەگەر ئێستا دەست بە بونیادنانی ژێرخانی شارەکان و ناوچەکان بکرێت بەشێوەیەکی بەردەوام، ئەوا ساڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە، سەرەڕای دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە قەرەبووی ئاوارەکان بکرێتەوە چونکە بەشێکیان ماڵەکانییان ڕووخاوە و هیچ شتێکیان نەماوە، وەک ناوچەکانی جورف سەخەر سەر بە قەزای موسێب لە پارێزگای بابل، هەروەها قەزای سنجار و بەعاج لە پارێزگای نەینەوا، ئەوانە هیچ خزمەتگوزارییەکی تیادا نیە، دەمەوێت زۆر بە ڕاشکاوی بیڵێم کاتێک کۆتا شار کۆنتڕۆڵکرا، بە دەیان بەڵێن بە خەڵکەکەی درا هەتا بۆ ئەو شوێنانەش کە لە دەرەوەی شارەکانن، بەڵام بەڵێنەکان نەبرانە سەر".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی موتەحیدون ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنیی شوێنەکان بکرێت بەر لەوەی داوا لە خەڵک بکەیت بگەڕێنەوە ناوچەکانییان و لەمبارەیەوە گوتی: "دەبوو پێشتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بکرابووایە، چونکە خەڵک هەیە ناتوانێت بچێتەوە ناوچەکەی خۆی و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، ئەم گرفتانە هیچیان چارەسەر نەکراون، بۆیە بڕیارەکە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە و هیچ ڕەهەندێکی یاسایی تیادا نیە".

ڕۆژی ٤ی ئاداری ٢٠٢٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی قەزای شنگالی کرد و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کرد، دواتریش ڕایگەیاند کە ئامادەن دەست بە ھەڵمەتێکی فراوانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد کە ٥٠ ملیار دیناریان لە بوودجەی فێدڕاڵی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکردووە و داواشیان لە وەزارەتەکان کردووە کە فەرمانگەکانیان لە قەزای شنگال بکەنەوە.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن