عێراق

تەقە لە سێ تەنکەری غاز دەکرێت لە تاسڵوجە

بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن‌ و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، نەقیب سەركەوت ئەحمەد: ''ئاگاداری ئەو رووداوەین، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، دۆسیەکە رەوانەی دادوەر نەکراوە و بەدواداچوون نەکراوە".

Rewa Mahmood Hasan  | 03.02.2020 - نوێکردنەوە : 03.02.2020
تەقە لە سێ تەنکەری غاز دەکرێت لە تاسڵوجە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە کە شەوی رابردوو لە تاسڵوجە تەقە لە تانکەرێک کراوە کە بتڵی غازی دەگواستەوە بۆ هەولێر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە کە شۆفێری تانکەرێک قسە دەکات بەبێ ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی یان دەموچاوی دیاربێت، ئاماژە بەوە دەکات شەوی دووی شوباتی ٢٠٢٠ لەسەر رێگای تاسڵوجە لە ئاراستەی شەقامی بازیان-ەوە تەقەی لێکراوەو بۆ پاراستنی گیانی خۆی، نەوەستاوە. وەک دەردەکەوێت، فیشەکێک بە دەرگای لای سەرنشینەوەیە و تایەکانی تەقیوە، سێ فیشەکیش بەر جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.

شۆفێرەکە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئۆتۆمبێلێکی پاتڕۆڵی ژمارە رەشی جام رەشەوە تەقەی لێکراوە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن‌ و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئاگاداری رووداوی تەقەکردنەکە هەن، ئەویش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا کەس سکاڵای تۆمار نەکردووە، دۆسیەکە رەوانەی دادوەر نەکراوە و بەدواداچوون نەکراوە بۆ کەیسەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەکانی رابردوودا گرتەیەکی ڤیدیۆیی تر بڵاوبوویەوە کە تێیدا هێزێکی ئەمنی رێگری دەکەن لە چوونی تانکەری غاز بۆ هەولێر.

ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سۆران عومەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "ئێمە وەک لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونی قەیرانەکەوە لەگەڵ حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە گفتوگۆدابووین بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە، ئەگەرنا دۆخەکە بە خراپتر دەشکایەوە".

سۆران عومەر لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکەی شەوی رابردوو ئاماژەی بەوەدا "ئەو بەڵگانەی لەبەردەستان دەریدەخات کە هێزە ئەمنییەکان سەربە کێن و دەناسرێنەوە و بەڕوونی دیارن".

رۆژی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هۆکاری گرانبوونی غاز لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک روونکردنەوەیەکی ئاراستەی رای گشتی کرد.

بەپێی روونکردنەوەکە کە لە لایەن گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل بۆ رای گشتی راگەیەندراوە، "رێگری چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی" بووەتە هۆی هۆی گرانبوونی نرخی غاز لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.

جوتیار عادل رایگەیاندووە کە "چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی سنووری گەرمیان و سلێمانی وەک کارتێکی فشار رێگەیان نەداوە بەشە غازی شلی هەولێر و دهۆک وەک پێویست بگات، ئەوەش بووە هۆی گرانبوونی نرخی غاز لەو دوو پارێزگایە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın