ژيان

تووشبوویەکی شێرپەنجە لە هەکاری بە هاوکاری دەوڵەت کاری ئاژەڵداری دەکات

لە ماوەی سێ ساڵدا ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی زاهیدە کارەمان بە هاوکاری دەوڵەت کڕیونی لە ۳٤ سەرەوە بوونەتە ٦۰ سەر.

Sayim Harmancı, Aoezan Khoshnaw Najmuldeen  | 07.06.2023 - نوێکردنەوە : 09.06.2023
تووشبوویەکی شێرپەنجە لە هەکاری بە هاوکاری دەوڵەت کاری ئاژەڵداری دەکات

Hakkari

هەکاری - AA

لە قەزای یوکسەکئۆڤای سەر بە پارێزگای هەکاری، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی دەزگای کاری تورکیا تایبەت بە هاوکاری کردنی کەسانی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت تا کاری خۆیان دابمەزرێنن، خانمێک بە ناوی زاهیدە کارەمان ۳٤ سەر مەڕ و بزنی کڕی و لە ماوەی سێ ساڵدا گەیاندییە ٦۰ سەر ئاژەڵ.

ئەو خانمە دایکی چوار منداڵە و لە ساڵی ۲۰۱٥ دا تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، دواتر لە نەخۆشخانەکانی وان و هەکاری چارەسەری بۆ کراوە.

سێ ساڵ بەر لە ئێستا و کاتێک رەوشی تەندروستیی باشتر بووە بە هاوکاری دەزگای کاری تورکیا بووەتە خاوەنی ۳٤ سەر مەڕ و بزن.

کارەمان لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا لەپاڵ بەردەوامبوونی لەسەر وەرگرتنی چارەسەر، لەگەڵ هاوسەرەکەی ماڵاتەکەیان بەخێوکردووە و ژمارەی ئاژەڵەکانیان گەیاندووەتە ٦۰ سەر ئاژەڵ.

لە میانەی لێدوانێکیشیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، زاهیدە کارەمان ئەوەی خستەڕوو کە لە ئێستادا خاوەنی کاری خۆیەتی و رایگەیاند: "نەخۆشم بەڵام لە ئێستادا رەوشی تەندروستیم باشرە. بەبەردەوامی پشکنینەکانم ئەنجام دەدەم. کاری ئاژەڵداریش کارێکی سەر بە قازانجە و سوودێکی زۆری بۆ ئێمە هەبووە. ئەم مەڕانە دەدۆشم و گرنگییان پێدەدەم، هاوسەرەکەشم هاوکاریم دەکات. پێکەوە ماڵاتەکەمان دەبەین بەڕێوە. خوا لە دەوڵەتەکەمان رازیبێت، لە سایەی ئەو هاوکارییەی وەرمانگرت بووینە خاوەنی ئەم ئیشە".

نامێق کارەمانی هاوسەری ئەو خانمە باس لەوە دەکات کە هاوکاری هاوسەرەکەی دەکات لە بەخێوکردنی ماڵاتەکەیاندا و دەشڵێت: "ئاژەڵداری لایەنی سەختی خۆی هەیە بەڵام ئێمە زۆر خۆشحاڵین. هاوسەرەکەم توشی شێرپەنجە بوو، حکوومەت هاوکاری کردین. چوار منداڵمان هەیە کە هەموویان دەخوێنن. گوندەکەمان شوێنێکی لەبارە بۆ ئاژەڵداری و ئێمەش دەمانەوێت ئەم کارەمان گەورەتر بکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın