جيهان

تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە چوار هەزار هێکتار کێڵگەی بەرهەمهێنانی خەشخاش لە ئەفغانستان لەناوبراون

بەگوێرەی راپۆرتێکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC)، دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەدەست لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، چاندنی خەشخاش بە رێژەی سەدا ٣٢ زیادی کرد.

Bilal Güler, Sayed Khodaiberdi Sadat, Aoezan Khoshnaw Najmuldeen  | 31.05.2023 - نوێکردنەوە : 31.05.2023
تاڵیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە چوار هەزار هێکتار کێڵگەی بەرهەمهێنانی خەشخاش لە ئەفغانستان لەناوبراون

Afghanistan

کابول - AA

تاڵیبان لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، چاندنی خەشخاشی لە ئەفغانستان قەدەغە کرد و لەئێستاشدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چوار هەزار هێکتار کێڵگەی بەرهەمهێنانی خەشخاش لە ئەفغانستان لەناوبراون.

بەڕێوبەری یەکەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی کاربەڕێکەری ئەفغانستان، مەولەوی حەسیبوڵڵا ئەحمەدی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو جەختی لەوە کردەوە کە سوورن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و گوتی: "ئەمساڵ لە زۆربەی ویلایەتەکاندا، چوار هەزار هێکتار کێڵگەی بەرهەمهێنانی خەشخاش لەناوبراون و لەناوبردنیشیان بەردەوامە".

ئەحمەدی باسی لەوەش کرد کە لە کابول، قەندەهار، زابوول، هیلمەند، فاریاب، بەڵخ، کوندوز، بەدەخشان، تەخار و ویلایەتەکانی سەر سنوور لەگەڵ پاکستان، بەشێکی زۆری کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی خەشخاش لەناوبراون، هەوڵەکانیش بۆ لەناوبردنی ئەو کێڵگانەی ماون، بەردەوامن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەی ماددەی هۆشبەر لە ئەفغانستان کاریگەری لەسەر جیهان دروست کردووە و پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری جووتیارانی ئەفغانستان بکەن تا بتوانن لەبری خەشخاش بەرهەمی دیکە بەرهەمبهێنن، گوتیشی: "بەشێوەیەکی جیددی بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. لەم بابەتەدا نەرمی لەگەڵ هیچ کەس نانوێنین. ئەو کەسانەشی پابەندنەبن بە بڕیارەکەوە سزادەدرێن".

حەسیبوڵڵا ئەحمەدی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تا ئێستا حەوت هەزار و ٥٠٠ کەس دەستگیرکراون کە بازرگانییان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردووە و نزیکەی ٥٠٠ ناوەندی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەریش لەناوبراون. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ٣٠٠ تۆن ماددەی هۆشبەریش دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەحمەدی ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە پرسی لەناوبردنی کێڵگەکانی خەشخاشدا هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکیان لەلایەن جووتیارانەوە نەبینیوە.

- چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی تشرینی دووەمدا ئەنجامی قەدەغەکان دەربکەون

لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا بزووتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتە دەست، ساڵی رابردووش لە مانگی نیساندا بەرهەمهێنانی خەشخاش و ئەمساڵیش لە مانگی ئاداردا بەرهەمهێنانی ماریجوانای قەدەغە کرد.

ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی خەشخاش لە ئەفغانستان هەڵکشانی بەخۆوەبینی. بەگوێرەی راپۆرتێکی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددەی هۆشبەر (UNODC)، دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەدەست لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەراورد بە ساڵی پێش خۆی چاندنی خەشخاش بە رێژەی سەدا ٣٢ زیادی کرد.

ئەفغانستان سەدا ٨٠ی ئەفیونی جیهان بەرهەم دەهێنێت.

بەرپرسانی تاڵیبان و جووتیارانی ئەفغانستانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستییان بە هاوکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی پابەندبن بە قەدەغەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە.

لە راپۆرتی ٢٠٢٣ی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر چەند کاریگەری هەبووە.

بەهۆی قەیرانی ئابووری و وشکەساڵییەوە لە ئەفغانستان بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە "سوودی کەمتریان هەیە" هەربۆیە خاوەن کێڵگەکان زیاتر روو لە چاندنی خەشخاش و ماریجوانا دەکەن کە ئاوی کەمتریان پێویستە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın