سياسەت, عێراق

"بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەورەی مرۆیی و ماددیان داوە"

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: "بەھۆی رەفتارەکانی پەکەکە سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەداننەکراونەوە و رێگە لە ژیانی ھەزاران ھاووڵاتیی گیراوە و بەھۆی پەکەکەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجی زۆر گەوەرەی مرۆیی و ماددیان داوە".

Heman Hussein Yaseen  | 17.04.2020 - نوێکردنەوە : 20.04.2020
"بەهۆی پەكەكەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان باجی زۆر گەورەی مرۆیی و ماددیان داوە"

Arbil

هه‌ولێر - AA

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە پەکەکە ئێستا و، لە ساڵانی رابردوو لە دژی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، رەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و جەختیش لەوەکراوەتەوە کە بەھۆی رەفتارەکانی پەکەکە سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەداننەکراونەوە و رێگە لە ژیانی ھەزاران ھاووڵاتیی گیراوە و بەھۆی پەکەکەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجی زۆر گەورەی مرۆیی و ماددیان داوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بە ''سەرئێشە'' بۆ هەرێمی کوردستان دەزانێ و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە رەفتارە سەرەڕۆ و شەڕفرۆشتنەکانیان، هیچ رێزیان بۆ دامودەزگاکان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەبووە.

لە راگەیاندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا سەرەتا جەخت لەوە کراوەتەوە کە: '' ئەو ھێزانەی کە لە زینی وەرتێ جێگیرکراون، ھێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و، لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانە لەوێ جێگیر کراون کە حکوومەتی ھەرێم بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونی پەتای کۆرۆنا بڕیاری لەسەردا بوو، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جووڵەی بەم ھێزانە کردووە. ئەم ھێزانە ھێزی پارتی نین، بەڵکو ھێزی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن کە ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان جێبەجێ دەکەن''.

پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاندووە کە ''جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆرە کە پەکەکە ئەو مافە بە خۆی بدات لە ھەر شوێنێک کە پێی خۆش بێت ھێز بنێرێت و، دەست لە کاروباری ناوەخۆی ھەرێمی کوردستان وەربدات و، بەلایەوە ئاسایی نەبێت کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مومارەسەی دەستەڵاتەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی بکات''.

لە بەیاننامەکەدا ئەو رەفتارەی پەکەکەی بە شەڕفرۆشتن دژی ھەرێمی کوردستان پێناسکردووە و ئەویشی خستووەتەڕوو کە، ''ئەو ڕەفتارەی پەکەکە ئێستا و، لە ساڵانی رابردوو لە دژی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، رەفتاری سەرەڕۆییانە و شەڕفرۆشانە بووە و ھیچ رێزێکی لە دامودەزگاکان و سەروەری و ئاساییش و ئاسوودەیی و ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی نەگرتووە. بەھۆی رەفتارەکانی پەکەکە سەدان گوندی ھەرێمی کوردستان ئاوەداننەکراونەوە و رێگە لە ژیانی ھەزاران ھاووڵاتیی گیراوە و بەھۆی پەکەکەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجی زۆر گەورەی مرۆیی و ماددیان داوە''.

پارتی دیموکراتی کورستان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ساڵانێكی زۆرە تەحەمولی پەکەکەیان کردووە و دەڵێت ''ئەوەی تا ئێستایش لە پەکەکە قبوڵ کراوە بە ھۆی سینگفراوانی پارتی و ھەرێمی کوردستان بووە کە چاوپۆشییان لە زێدڕەۆییەکانی پەکەکە کردووە. حەقیشە سەرانی پەکەکە تەقدیرییان بۆ ئەم ھەڵوێستەی خەڵکی کوردستان ھەبووایە و رەچاوی بارودۆخی ھەرێمی کوردستانیان کردبووایە و، لانیکەم رێزی دامودەزگاکانی ھەرێم و ھاووڵاتییانیان بگرتایە کە ساڵانێکی دورودرێژە تەحەمولی بوونی پەکەکەیان لەسەر خاکی ھەرێم کردووە''.

بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو لە چوارچوەی رێکارەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە فەرمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هێزێکی وەزارتی پێشمەرگە رەوانەی سەر سنوورەکانی ئێران کران بە مەبەستی پاراستنی سنووری هەرێم لەگەڵ ئێران لە هەرچەشنە هاموشۆیەک. هەر زوو رەوانە کردنی ئەو هێزانە کە هێزی یەکگرتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانن، ناڕەزایەتی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەی لێکەوتەوە کە بە نایاسایی لەو سنوورانە جموجۆڵیان هەیە.

هاوکات مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای کۆبوونەوەی شەوی رابردوو، داوای لە پەکەکە کردبوو کە ''بۆ ئارامی ناوچەکەو پاراستنی سەرو ماڵی خەڵک لە ناوچەکە دوور بکەونەوە''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن