Arbil
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد ئاشکرای کرد کە چەکەکانی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدڕالی عێراق وەرگیراون.
بەشیر حەداد لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: "ئەمرۆ کاتژمێر ٤:۳٠ ی دوای نیوەرۆ چەکەکانی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم لە بەغداد وەرگیران".
رۆژی ٢٠ی شوبات، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنییدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد بە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی راگەیاندووە، دوابەدوای پەیوەندی و ھەوڵە بەردەوامەکانی نێوان ھەردوولا، لە چەند رۆژی داھاتووی ئەم ھەفتەیەدا بڕی نیوەی پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ بۆ ھەموو ئەو جووتیارانەی کە ناویان لە لیستەکاندا تۆمارکراوە، دابەش دەکرێت.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدرابوو کە هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختکرایەوە لەسەر چڕکرنەوەی ھەوڵەکان لەپێناو سەرفکردنی تەواوی ماندووبوون و شایستە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی داھاتوودا.
وەک لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی پێدرابوو، ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە میانی پێداگیری و پێشکەشکردنی راسپاردەکان و کۆبوونەوەی شاندی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم بەسەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی لە مانگی رابردوو لەگەڵ ھەریەک لە سەرکۆماری عێراق و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزارەتەکانی بارزگانی و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، چووەتە بواری جێبەجێکردن و سەرفکردنەوە.