بێنیامین ناتانیاھو: "ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێران"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو: " بنەمایەکی ڕوونم داناوە کە بریتییە لەوەی، ھەرکەسێک زیانمان پێبگەیەنێت، ئێمەش زیانی پێدەگەیەنین و پێداگیرانە ئەو کارەش دەکەین".
Israel
قودس ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێران.
بێنیامین ناتانیاھو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری تەل ئەبیب، گوتی: "ئیسرائیل ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی ڕاستەوخۆی ئێران و سیستەمی بەرگرییمان جێگیرکراوە و ئامادەین بۆ ھەر سیناریۆیەک، جا چی لە بەرگرییکردن بێت یان ھێرشکردن".
گوتیشی: "بنەمایەکی ڕوونم داناوە کە بریتییە لەوەی، ھەرکەسێک زیانمان پێبگەیەنێت، ئێمەش زیانی پێدەگەیەنین و پێداگیرانە ئەو کارەش دەکەین".
شەوی ١٣ی ئەم مانگە، ئێران بە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بیفڕۆکەوان، ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە وەڵامی ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر باڵەخانەی کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق پایتەختی سووریا و لە ئاکامدا، جەنەڕاڵێکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی محەمەد ڕەزا زاھیدی و ژمارەیەک ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران کوژران.