جيهان

بازرگانێکی فەڵەستینی باس لە گرنگیی هاوردەکردنی پۆڵا و بەرهەمەکانی دیکە لە تورکیاوە بۆ فەڵەستینییەکان دەکات

مەحموود فەخر، کە یەکێکە لە گەورەترین بازرگانانی پۆڵا لە کەرتی ڕۆژئاوا: "ئەو پۆڵایەی ساڵانە لە تورکیاوە هاوردەی دەکەین لە نێوان ١٣٠ بۆ ١٥٠ هەزار تۆن دەگۆڕێت".

Ekip  | 08.04.2024 - نوێکردنەوە : 09.04.2024
بازرگانێکی فەڵەستینی باس لە گرنگیی هاوردەکردنی پۆڵا و بەرهەمەکانی دیکە لە تورکیاوە بۆ فەڵەستینییەکان دەکات

Quds

قودس - AA

مەحموود فەخر، کە یەکێکە لە گەورەترین بازرگانانی پۆڵا لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو، ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە لە تورکیاوە لە نێوان ١٣٠ بۆ ١٥٠ هەزار تۆن پۆڵا هاوردە دەکەن و، پێویستە ئەوانەش بە بەندەر و گومرکەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕێنن و، گوتی: "نەک تەنیا پۆڵا و چیمەنتۆ، بەڵکو بۆ کارگەکانی پیشەسازییمان لە تورکیاوە هاوردە دەکەین. کەرەستە پیشەسازییەکانی وەک پلاستیک و ئەو کەرەستانەی لە کارگەکەدا بەکاریان دەهێنین لە تورکیا دەکڕین".

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، فەخر باسی لە پەیوەنديیە بازرگانییەکان لەگەڵ تورکیا و، دۆخی فەڵەستین و کەرتی ڕۆژئاوا کرد.

فەخر کە یەکێکە لە گەورەترین بازرگانانی فەڵەستین لە بواری پۆڵادا و لە زۆر لقدا کار دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە خاوەنی گەورەترین کارگەن لە کەرتی ڕۆژئاوا و لە قۆناغی دروستکردنی کارگەیەکی نوێشدان.

مەحموود فەخر باسی لەوە کرد کە لە تورکیاوە هاوردەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بەتایبەتی پۆڵا و، ساڵ لە دوای ساڵ قەبارەى بازرگانی زیاد دەکەن و، ڕایگەیاند: "ئەو پۆڵایەی ساڵانە لە تورکیاوە هاوردەی دەکەین لە نێوان ١٣٠ بۆ ١٥٠ هەزار تۆن دەگۆڕێت".

فەخر ئەوەیشی خستەڕوو ئەو پۆڵایەی لە تورکیاوە هاوردەی دەکەن زیاتر لە کەرتی ڕۆژئاوا بەکاری دەهێنن و ڕایگەیاند: "لە غەززەش فرۆشمان هەبوو، بەڵام ساڵێک پێش ئێستا لە بازاڕی غەززە کشاینەوە".

هەروەها فەخر باسی لەوە کرد کە لە ڕیزبەندی یەکەمدان لە هاوردەی پۆڵادا لە تورکیاوە، بەڵام ئەمساڵ ئاڵۆز بووە و لە زۆر بواردا دابەزین ڕوویداوە و گوتی: "هۆکاری کارکردنمان لەگەڵ تورکیا ئەوەیە کە پابەندن بە ستانداردی دیاریکراوی کوالیتی بەرهەمەکانیشیان کوالیتیان بەرزە و نرخیان گونجاوە".

فەخر بە ئاماژەدان بەوەی تورکیا لە ڕووی مێژوویی و نەریتییەوە زۆر لە فەڵەستینییەکان نزیکە، ​ تیشکی خستەسەر ئەو متمانەیەی فەڵەستینییەکان لەگەڵ تورکیادا دروستیان کردووە.

سەبارەت بە پچڕانی بازرگانی تورکیا-ئیسرائیل، فەخر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوە کاریگەریی دەکاتە سەر کاری فەڵەستینییەکان و ڕایگەیاند: "ئەمە بە واتای پچڕانی بازرگانیش دێت لە نێوان تورکیا و فەڵەستیندا، نەک تەنیا لەگەڵ ئیسرائیلدا، چونکە بەندەر و فڕۆکەخانەمان نییە. بۆ کارگەکانی پیشەسازییمان لە تورکیاوە هاوردە دەکەین و لە ڕێگای ئیسرائیلەوە بۆمان دێت. ڕێگای دیکە نییە بۆ هێنانی ئەم کەرەستانە. ئەمە کاریگەریی دەکاتە سەر ئێمە و هەموو فەڵەستینییەکان".

ڕاشیگەیاند: "تەنیا لە کەرتی پۆڵادا لەگەڵ تورکیا کار ناکەین. خۆراک و جلوبەرگ و پۆڵا. پێویستمان بە هەموو ئەم بەرهەمانە هەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın