عێراق

بازاڕی "مەزادخانە" لە کەرکووک بۆ هاووڵاتییانی کەم دەرامەت ناوەندێکی گرنگە

بازاڕی کەلوپەلی دەستی دوو لە شاری کەرکووک ناسراو بە "مەزادخانە" لە رۆژانی هەینییدا، جمەی دێت و کەسانێکی زۆر بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ئەنتیکە هتد.. رووی تێ دەکەن.

Zana Natık Kerem  | 25.11.2022 - نوێکردنەوە : 23.02.2023
بازاڕی "مەزادخانە" لە کەرکووک بۆ هاووڵاتییانی کەم دەرامەت ناوەندێکی گرنگە

Arbil

هەولێر – AA

بازاڕی کەلوپەلی دەستی دوو لە شاری کەرکووک ناسراو بە "مەزادخانە" لە رۆژانی هەینییدا، جمەی دێت و کەسانێکی زۆر بۆ کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ئەنتیکە هتد... رووی تێ دەکەن.

بازاڕەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری کەرکووک و بە یەکێک لە بازاڕە هەرە کۆنەکانی ئەو شارە دادەنرێت، لەوێ کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی جۆراوجۆری دەستی دوو بە نرخێکی گونجاو دەفرۆشرێن.

جگە لە کەسانی هەژار و کەم دەرامەت، هەروەها ئەو کەسانەیش کە حەز بە کڕینی شتی ئەنتیکە دەکەن، روو لە بازاڕی "مەزادخانە"' دەکەن.

بازاڕی "مەزادخانە" لە کەرکووک لە رۆژانی هەینییدا جیاوازتر لە رۆژانی دیکە، زوو لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەکرێتەوە و لە کاتژمێر ١٢ی نێوەڕۆ دادەخرێت.

لە بازاڕەکەدا، کەلوپەلی ناوماڵ، جلوبەرگ، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، هەروەها کەلوپەلی ئەنتیکە بەرچاو دەکەون.

ئەو کەسانەی کە لە بازاڕەکەدا، کەلوپەلەکانیان بۆ فرۆشتن نمایش کردووە لە رۆژانی هەینییدا، جیاواز لە رۆژانی دیکە بازاڕیان گەرمە و کەلوپەلی زۆر دەفرۆشن، چونکە کەسانێکی زۆر روویان تێ دەکەن.

هەروەها بازاڕی "مەزادخانە" لە کەرکووک لە رۆژانی هەینییدا بەجۆرێک جەنجاڵ دەبێت کە رێگای هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تیایدا سنووردار دەکرێت.

بەدرێژایی بازاڕەکە، کەسانێکی زۆر لەسەر شەقام دەبیندرێن کە دانیشتوون و کەلوپەلەکانیان بۆ فرۆشتن نمایش کردووە.

یەکێک لەو کەسانەی کە لەسەر شەقامی بازاڕەکەدا دانیشتووە و کەلوپەلی دەستی دوو دەفرۆشێت بە ناوی محەمە حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "ئێمە لە رۆژانی هەینییدا لە کاتژمێر چواری بەیانییەوە، دێین بۆ بازاڕەکە و دەست بە رێکخستنی کەلوپەلەکانمان دەکەین و تا کاتژمێر ١٢ی نێوەڕۆ لێرە دەبین".

محەمە حەسەن باسی لەوەشکرد کە لە رۆژانی هەینییدا کەلوپەلێکی زۆر لەم بازاڕەدا دەست دەکەوێت و گوتی: "لە رۆژانی هەینییدا، بازاڕی مەزادخانە لە رۆژانی دیکە جیاوازترە، هەرچی تۆ دەتەوێت لەم بازاڕە دەستت دەکەوێت".

ئاماژەی بەوەیش دا کە لە بازاڕەکەدا، زیاتر کەلوپەلەکانی ساڵانی هەشتا و نەودەکانی سەدەی رابردوو کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت و گوتی: "ئەو کەسانەی کە حەز بە کڕینی کەلوپەلە کۆنەکان دەکەن، روو لە بازاڕەکە دەکەن".

کەسێکی دیکە کە لەسەر شەقامی بازاڕەکەدا دانیشتووە و کەلوپەلی دەستی دوو دەفرۆشێت بە ناوی عەلی فەوزی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بازاڕی "مەزادخانە" لە کەرکووک بە بازاڕی چینی هەژار و کەمدەرامەتان دادەندرێت.

عەلی فەوزی گوتیشی: "زیاتر کەسانی هەژار و کەم دەرامەت روو لە بازاڕەکەدا دەکەن، هەروەها کەسانێک کەلوپەلەکانیان کە پێویستییان پێی نییە دەفرۆشن و کەلوپەلی دەستی دوو دەکڕن".

ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە کەلوپەلەکانی دەستی دوو لە بازاڕەکەدا، بەهەرزان دەفرۆشرێن، چونکە کەس لێرە کرێ نادات و گوتی: "هەرچی کەلوپەلی کۆن و نوێیە، لەم بازاڕەدا دەست دەکەوێت".

بازاڕی "مەزادخانە" درێژترین بازاڕی شاری کەرکووکە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر درێژە کە لە کەناری رووباری خاسەوە دەست پێ دەکات تا گەراجی کۆنی حەویجە درێژ دەبێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın