سياسەت

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بەرگریی لە مافە دەستوورییه‌كانی هەرێم بکەن

- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا دەکات.

Sarmand Hameed  | 07.06.2023 - نوێکردنەوە : 08.06.2023
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بەرگریی لە مافە دەستوورییه‌كانی هەرێم بکەن

Arbil

هەولێر-AA

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەکڕیزی، بەرگریی لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵدا بکەن.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە, لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوه‌زیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٥) و بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ واژوو کراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بوودجە دووپات كردووه‌ته‌وه‌ کە دەرەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لەسەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکات داوا لە گشت فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەکڕیزی، بەرگریی لە مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی راپۆرتێکی پڕ لە زانیاری لە بارەی داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و رێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە راپۆرتەکەدا ساسان عەونی ئاماژەی داوه‌ بە رێکخستنەوەی رەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە رێگای داڕشتنەوەی کۆدی بیناسازیی و نوێکردنەوەی پرۆسەی رێگه‌پێدانی بیناكردن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی و رێگرتن لە سەرپێچی و زامنکردنی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە وسەلامەتی دامەزراوەی کارەبایی ومیکانیکیی ناو بینا وباڵەخانەکان و سەلامەتی پێکهاتە و کارامەیی لە وزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسە و رێکاری رێگه‌پێدانیی بینا.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گشت وەزارەتەکانیشی راسپاردووه‌ کە هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بۆ جێبەجێکردنی کۆدی بینا و رێنمایی نوێی پلانسازیی و بە جدیی کاربکەن بۆ ڕێکخستنەوە وبەدوادچوونی موڵکەکانی دەوڵەت لە سەرجەم وەزارەتەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە سەرچاوەیەکی فراوانی داهاتی گشتین، ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری راسپاردووه‌ بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی وەزارەتەکان بە ئاراستەی پیادەکردنی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی بۆ تۆمارکردنی ووردەکاریی و زانیاریی موڵکی گشت دامەزراوە حکومیەکان لە داتا سەنتەری ناوەندیی حکوومەت و و داڕشتنی پرۆسە و میکانیزمی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بە ئاراستەی هەمەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و بەکارهێنانەوەی داهاتی وەبەرهێنان لە موڵک وماڵی دەوڵەت بۆ خەرجییە گشتییەکان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد کورتەیەکی دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەکانی سیم کارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە خستووه‌تەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون وگرفت و بەربەستەکان داوه‌، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتییان لەوبارەیەوە کردووه‌ و ئەوەشی خستووه‌تەڕوو کە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووه‌ کە بەردەوام بن لە رێکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی وپاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، دانا عەبدولکەریم و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەخەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە بەر رۆشنایی یاسای رێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری راسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا کە بەردەوام بن لە رێکارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر رێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و رووبەڕووکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی رێکاریی قەزايی بەرامبەریان.

بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرکۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، ئەنجوومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا كرد و بە هیوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın