Arbil
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و ژمارەیەک تەوەر تاوتوێ دەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جوتیار عادل رایگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی کابینەی نۆیەم کۆبوونەوەی خۆی لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ساز دەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چەند بابەتێک دەکرێت کە بریتیین لە؛ پرۆسەی دانوستانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدرال، ھەنگاوە کردارییەکانی چاکسازیی و رێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی، پێشنووسی بڕیاری تایبەت بە راسپاردەی چاکسازیی لە داھاتی گشتیی، پەرەپێدانی ھاوبەش لە ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی و سیستەمی باج، پرۆگرامی بایۆمەتری لە ھەرێمی کوردستان، پێشنیازەکانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان سەبارەت بە یاسای دامەزراندنی سندوقی پشتیوانیی دارایی نیشتەجێبوون و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی و پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیری.