ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە کۆبوونەوەدایە.
Arbil
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە و گفتوگۆ دەربارەی وردەکارییەکانی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاویکردووەتەوە کە لەسەر چەند تەوەرێکی تایبەت بە دانوستان و بابەتی پڕۆژە چاکسازی گفتوگۆ دەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا وردەکارییەکانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا تاوتوێ دەکرێت و هەروەها لەم بارەیەوە راپۆرتی تایبەت بە لێژنەکە، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
بە پێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، خستنەڕووی راپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازی سەبارەت بە بەدواداچوونی ھەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و، گفتوگۆکردن لە سەر رەشنووسی چەند پڕۆژە یاسایەک، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.