توركيا, سياسەت

ئەنجامی فەرمی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەوانەی رۆژنامەی فەرمی کرا

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر: "بەپێی ئەنجامەکان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا ٥٢،١٨ دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە کۆی گشتی ٢٧ ملیۆن و ٨٣٤ هەزار و ٥٨٩ دەنگ".

İsmet Karakaş  | 01.06.2023 - نوێکردنەوە : 02.06.2023
ئەنجامی فەرمی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەوانەی رۆژنامەی فەرمی کرا

Ankara

ئەنقەرە -AA

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر رایگەیاند کە ئەنجامی فەرمی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە ٢٨ی ئایار ئەنجام درا بۆ رۆژنامەی فەرمییان رەوانە کردووە، سەرنجی خستە سەر ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا ٥٢،١٨ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

ئەحمەد یەنەر لە بارەگای دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند کە دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کە لە ١٤ی ئایار بەڕێوەچوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی تورکیادا، گەڕی دووەم بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجام درا و پرۆسەی دەنگدانی لە دەرەوە و ناوخۆی وڵات بیر هێنایەوە.

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لە ٢٩ بۆ ٣١ی ئایار ئەو تانانەیان وەرگرتوون کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گیراون و گەیشتوونەتە ئەنجام لەمبارەیەوە.

ئەحمەد یەنەر رایگەیاند کە ئەنجامی فەرمی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە لە ٢٨ی ئایار ئەنجام درا بۆ رۆژنامەی فەرمی رەوانە کردووە و گوتی: "لە ناوخۆی وڵاتدا، ٥٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٣٧٥ دەنگدەر و لە دەرەوەی وڵاتیش بە دەروازە گومرکییەکانەوە، یەک ملیۆن و ٩٣٠ هەزار و ٢٢٦ دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەی گەڕی دووەەمی هەڵبژاردنەکەدا کردووە. بەم جۆرە رێژەی دەنگدان لە ناوخۆ لەسەدا ٨٥،٧٢ و لە دەرەوەی وڵاتیش لەسەدا ٥٦،٣٤ بووە. لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش بە تێکڕایی ٥٣ ملیۆن و ٢٣ هەزار و ٦٠١ دەنگدەر دەنگیان داوە واتا بە تێکڕایی رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ گەڕی دووەم لەسەدا ٨٤،١٥ بووە.

بەپێی ئەو ئەنجامانە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەدا ٥٢،١٨ دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە کۆی گشتی ٢٧ ملیۆن و ٨٣٤ هەزار و ٥٨٩ دەنگ و بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵویش سەدا ٤٧،٨٢ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەکاتە ٢٥ ملیۆن و ٥٠٤ هەزار و ٧٢٤ دەنگ. لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی دامەزراوەکەماندا، بڕیار درا کە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرکۆمار هەڵبژێردراوە و بڕیارەکەشمان بۆ رۆژنامەی فەرمی رەوانە کرد. هیوای سەرکەوتن بۆ گەلی تورکیا و دیموکراسیمان دەخوازم".

- لە گەڕی دووەمدا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە ناوەوەی وڵات کەمی کردووە و لە دەرەوەی وڵات زیادی کردووە

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر هەروەها زانیاری لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژرادنەکان دا و رایگەیاند لەکاتێکدا ٥٣ ملیۆن و ٩٩٣ هەزار و ٦٨٣ دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا کرد کە دەکاتە لەسەدا ٨٨،٩٢ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٨ی ئایاردا دەنگیان دا، ٥٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٣٧٥ دەنگدەر دەنگیان داوە کە دەکاتە لەسەدا ٨٥،٧٢.

ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوە دا، لەکاتێکدا لە ١٤ی ئایاردا، یەک ملیۆن و ٨٣٩ هەزار و ٤٧٠ دەنگدەر لە دەرەوەی وڵات دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن لەسەدا ٥٣،٧٣ بوو لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا، یەک ملیۆن و ٩٣٠ هەزار و ٢٢٦ دەنگدەر دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن لەسەدا ٥٦،٣٤ بوو.

سەرۆکی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی ناوخۆ دا و رایگەیاند لە کاتێکدا کۆی ئەو دەنگدەرانەی لە ١٤ی ئایاردا دەنگیان دا، ٥٥ ملیۆن و ٨٣٣ هەزار و ١٥٣ دەنگدەر بووە و رێژەی بەشداریکردن لەسەدا ٨٧،٤ بووە لە ٢٨ی ئایاردا، ٥٤ ملیۆن و ٢٣ هەزار و ٦٠١ دەنگدەر دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن ٨٤،١٥ بوو.

ئەحمەد یەنەر هیوای خواست هەڵبژاردنەکان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ پارتە سیاسییەکان، کاندیدەکان، گەل و دیموکراسیی تورکیا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن