ئەردۆغان سەردانی گڵکۆی ئەتاتورکی کرد
- سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای دانانی تاجەگوڵینە، واژۆی لەسەر دەفتەری نووسینی یاداشتهكان له مهزاری ئەتاتورک کرد.
Ankara
ئەنقەرە-AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای سوێندخواردنی لە پەرلەمان، سەردانی گڵکۆی ئەتاتورک (ئانتکابیر)ی کرد.
لە کاتی چوونی بۆ سهر مهزاری ئهتاتورك، رهجهب تهیب ئەردۆغان لە سەر رێگا لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە سۆز و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکرا.
هەر یەک لە پارێزگاری ئەنقەرە، ڤاسیپ شاهین، سەرۆکی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون و سکرتێری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، حەسەن دۆغان و بەرپرسی کاروباری کارگێڕی، مەتین کراتڵی یاوەری ئەردۆغان بوون و لە ئاسڵانلی یوڵو-ەوە چوونە سەر گڵکۆی ئەتاتورک.
ئەردۆغان دوای دانانی تاجەگوڵینە، ساتێک بە بێدەنگی وەستا و سروودی نیشتمانی لێدرا.
- ئەردۆغان واژووی لەسەر دەفتەری یاداشتهكان كرد
سهركۆماری توركیا دواتر سەردانی قولەی میساقی میللی کرد و واژووی لەسەر دەفتەری یاداشتهكان كرد و ئەمەی خوارەوەی نووسی:
"ئەتاتورکی ئازیز، تورکیا لە کەشێکی دیموکراسیدا پرۆسەیەکی دیکەی هەڵبژاردنی بە رێژەیهكی بەشداریی پێوانەیی بە ئەنجام گەیاند کە دەتوانرێت بۆ هەموو جیهان بە نموونە وەربگیرێت. گەلەکەمان کە رۆژی ١٤ی ئایار پەلەمانتارانی خولی ٢٨ی هەڵبژارد، رۆژی ٢٨ی ئایار بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا کرد، بە رێژەی لەسەدا ٥٢،١٨ی دەنگەکان ئێمەیان بۆ پۆستی سەرکۆمار هەڵبژارد. خۆشحاڵین بە خزمەتکردنی وڵاتەکەمان و گەلی مەزنمان بۆ پینج ساڵی دیکە. لەو باوەڕەداین سیستمی حوکمڕانی سەرکۆماریی کە لەم هەڵبژاردنانەدا متمانەی بەدەست هێنایەوە، دەروازەکانی قۆناغێکی نوێ بۆ گەلەکەمان دەکاتەوە. بە درێژایی پێنج ساڵی داهاتوو بە دڵ و بە گیان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدیهێنانی دیدگای سەدەی تورکیا.
هەروەک بەڵێنمان دابوو، بەخێرایی برینەکانی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، کارەساتی سەدە ساڕێژ دەکەین و بە زووترین کات زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەمان لە ماڵە نوێیەکانیان نیشتەجێ دەکەین. وەک ١٢هەمین سەرکۆمار بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لە برایەتی هەمیشەیی گەلەکەمان، گەشەپێدانی وڵات و بەرزکردنەوەی دەوڵەتەکەمان. پەروەردگارم رێگامان کراوە بکات. رۆحت شاد بێت".
ئاڵای پاسەوانی شەرەف و تیپی فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان-یش لە ئانتکابیر ئەرکیان لەو رێورهسمهدا بهجێگهیاند.
رهجهب تهیب ئەردۆغان دوای سەردانەکەی بۆ ئانتکابیر، چووە کۆشکی سهرۆكایهتی کۆمار بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕهسمەی کە بە بەشداریی سەرۆکی دەوڵەت و حکوومەت و سەرۆکی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەچێت.