توركيا

ئەردۆغان: "ئەگەر هەموو جیهانیش بێ دەنگ بێت، ئێمە چاوپۆشی لە ستەمی ئیسرائیل لە فەڵەستین ناکەین"

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "(هێرشەکانی ئیسرائیل) وەک تورکیا ئامادەین پشتیوانی چالاک بکەین لە هەر هەوڵێک کە لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەست پێبکات، بەرپرسیارێتیی لەپێناو ئاشتییدا لە ئەستۆ بگرێت و فیداکاریی بکات".

Merve Yıldızalp Özmen  | 14.05.2021 - نوێکردنەوە : 15.05.2021
ئەردۆغان: "ئەگەر هەموو جیهانیش بێ دەنگ بێت، ئێمە چاوپۆشی لە ستەمی ئیسرائیل لە فەڵەستین ناکەین"

Ankara
ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، رایگەیاند: "لە رۆژی دوو شەممەوە، ١٧ی ئایار، دەستدەکەین بە جێبەجێکردنی قۆناغی ئاسایی بوونەوەی کۆنترۆڵکراو. نیازمان ئەوەیە تا کۆتایی مانگی ئایار بەشێوەیەکی هەستیار کار بکەین".

لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی جەژنە پیرۆزەدا کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ رێکخستنەکانی ئاک پارتی لە ٨١ پارێزگاکەی تورکیا سازکرابوو، ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان لە بارەی ئەو رێوشوێنانەی لە وڵاتەکەیدا دژ بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گیراونەتەبەر، رایگەیاند "گرنگیی دەدەین بەوەی کە ئەو رێوشوێنانەی گرتوومانەتەبەر زیان نەگەیەنن بە کار و کاسپی هاووڵاتیيانمان''.

گوتیشی: ''تورکیا کە بە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان سەرکەوتنی لە خزمەتگوزاری تەندروستییدا بەدەستهێناوە، توانی خۆی بخاتە دەرەوەی هەرێمی قەیران و، بەرزبوونەوەی وەبەرهێنانی نوێ و هەوڵەکان بۆ رەخساندنی هەلی کار، ئاماژەن بەوەی داهاتوویەکی رۆشن چاوەڕوانی وڵاتەکەمانە''.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: '' تەنانەت ئەگەر هەموو جیهان خۆی لێ بدزێتەوە، چاوپۆشی لە ستەمی ئیسرائیل (لە فەڵەستین) ناکەین''.

گوتیشی: "وەک چۆن رێگەمان نەدا بەو رێڕەوە تیرۆرەی دوێنێ دەخوازرا بە درێژایی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا دروست بکرێت، ئەمڕۆش بە هەمان پێداگریی دژی ئەو دەستانە دەوەستینەوە کە درێژ دەکرێن بۆ سەر تایبەتمەندی مزگەوتی ئەقسا".

ئەردۆغان هۆشداریدا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و، رایگەیاند: ''ئەگەر ئیسرائیل دەستبەجێ ئەو شەڕەنگێزییە رانەگرێت کە لە فەڵەستین دەیکات، بەتایبەتی لە قودس، ئەوا سبەی هەمووان دەبنە ئامانجی ئەو عەقڵێتیە دڕندانەیە".

سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو کە وەک تورکیا ئامادەی پشتیوانی چالاک بکەن لە هەر هەوڵێک کە لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەست پێبکات، بەرپرسیارێتیی لەپێناو ئاشتییدا لە ئەستۆ بگرێت و فیداکاریی بکات و، رایگەیاند: ''پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ ئەو بڕیارانەی لە کۆنسەی گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرکراون، هەنگاوگەلێک بنرێن کە بە خێرایی ئاشتیی و ئارامیی لە قودس فەراهەم دەکەن''.

گوتیشی: ''پێویستە ئەوانەی بێ دەنگن بەرامبەر ئەو خوێنەی ئیسرائیل دەیڕێژێت، ئەو بێ رێزییەی دەیکات، یان بە ئاشکرا لە پشتەوە هاوبەشیین، بزانن کە رۆژێکیش سەرەی خۆیان دێت''.

ئەردۆغان ئاماژەی بە کردەی نامرۆڤانەی ئیسرائیل کرد دەرهەق بە کەرتی غەززە و، رایگەیاند: ''ئەو دەوڵەتی تیرۆرە کە لە شوێنێکی وەک قودس کە هەم بۆ موسڵمانان، هەمیش بۆ مەسیحییەکان و موسەوییەکان شوێنێکی پیرۆزە خەریکی تاڵانیە، ئیدی هەموو سنوورەکانی بەزاندووە، بۆیە داوا لە هەموو دەوڵەت و دامەزراوەیەک دەکەم جا لەسەر هەر بیروباوەڕێک بن، لە هەر رەگەزێک بن جیاوازی نییە، هەرچی زووە بێنە دەنگ (دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل)''.

سەبارەت بە هەڵوێستی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامیی بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، ئەردۆغان رایگەیاند: '' ئەگەر رێکخراوی هاریکاری ئیسلامیی دەستبەجێ هەڵوێستێکی بەرجەستە و کاریگەر نەگرێتەبەر، ئەوا نکۆڵی لە بوونی خۆی دەکات''.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın