ئێران لە گەرووی هورمز دەستی بەسەر کەشتییەکی بارهەڵگر داگرت
- میدیاکانی ئێران: "کەشتییەکی سەربە ئیسرائیل لە گەرووی ھورمز، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، دەستی بەسەردا گیراوە".
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە گەرووی ھورمز، دەستیان بەسەر کەشتییەکی بارھەڵگردا گرتووە کە ئاڵای پورتوگالی لەسەر ھەڵکراوە و ئاماژەی بەوەشدا کە خاوەنی کەشتییەکە، بازرگانێکی ئیسرائیلییە.
ئاژانسی ھەواڵی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە کە ھێزەکانی ئاسمانی سەربە سوپای پاسداران لە گەرووی ھورمز، دەستیان بەسەر کەشتی "MSC Aries"دا گرتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە خاوەنی کەشتییە، بازرگانێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئیال ئۆفێل کە خاوەن کۆمپانیای "Zodiac Maritime"ە و بارەگاکەی لە لەندەنە.
باسی لەوەش کردووە، کەشتییەکە لەو کاتەدا دەستی بەسەردا گیراوە کە بە گەرووی ھورمزدا، تێدەپەڕی.
پێشتر ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاوی کردبوویەوە: "ئەو کەشتییەی کە لە نزیک گەرووی ھورمز، لەلایەن ھێزەکانی ئێرانەوە ھێرشی کراوەتە سەر، بەشێکی خاوەندارێتی ئیسرائیلە".
ڕاشیگەیاندبوو، کەشتییەکە لەو کاتەدا، ھێرشی کراوەتە سەر کە لە ئیماراتەوە بەرەو ھیندستان دەچوو.
لەئێستادا، جیھان لە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێران دایە بۆ ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر باڵەخانەی کۆنسولخانەی ئێران لە دیمەشق پایتەختی سووریا.
ھاوکات ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران کە ئەگەری ھەیە تاران لە وەڵامی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە سووریا، بۆسەر تەل ئەبیب ئەنجامی بدات.