ئیسماعیل حەدیدی: "دەبێت سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک بەشداربن لە ئیدارەدانیدا "
راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی: "ئەو حکوومەت و ئیدارەی ئێستا لە کەرکووک لە ئاستی پێویستدا نییە و ئێمە کێشەی بۆشایی ئیداریمان ھەیە، بۆیە کەرکووک پێویستی بەئیدارەیەکی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی".
Arbil
کەرکووک – AA
راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی رایگەیاند کە ئیدارەی ئێستای کەرکووک لە ئاست پێویستی و کێشەکانی شارەکەدا نییە و لە ئەگەری پەرواێزخستنی کورد لە ئیدارەدانی شاری کەرکووک-دا، ئەوا قبوڵی ناکەن.
ئیسماعیل حەدیدی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو حکوومەت و ئیدارەی ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە و ئێمە کێشەی بۆشایی ئیداریمان ھەیە لە کەرکووک و بەشێک لە پۆستەکانی شارەکە بە پۆستی پارێزگارەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن لەکاتێکدا ھەیکەلی تەواوی ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە نییە، ئەمەیش لە ئاست قەبارە و دۆخی ئێستادا نییە، بۆیە کەرکووک پێویستی بەئیدارەیەکی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی" .
راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی گوتیشی: "ئێمە تێبینیمان لە ئیدارەی کەرکووک و میکانیزمی ئیدارەدانی شارەکە ھەیە، راستە پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدرێت، بەڵام تێبینی زۆر لە بەڕێوەبردنی شارەکە ھەیە ئەو کێشانەیش وا دەکات کە لە داھاتوودا کێشەی گەورەتری ماددی و ئیداری دروست بکات، بۆیە دەبێت گۆڕانکاری گەورە لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک-دا بکرێت و ببێتە جێی رەزامەندی سەرجەم پێکھاتەکانی شارەکە".
ئیسماعیل حەدیدی لەسەر پەراوێزخستنی کورد لە ئیدارەدانی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دروستبوونی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای تەوافق بووە و دەبێت ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە بەشداربن لە ئیدارەدان بۆ ئەوەی کێشەکانی شارەکە چارەسەربێت و گوتی:
"ئێمە دژبە ھیچ بەرپرسێکی ئیداری کورد نین و ھێڵی سوورمان بەرامبەریان نییە و دەبێت ئەوانیش بەشداری کاریگەریان لە ئیدارەدانی شارەکەدا ھەبێت و بەھیچ شێویەکیش پەرواێزخستنی کورد لە کەرکووک قبوڵ ناکەین و مێژووی ئەم شارە ئەوەمان پێ دەڵێت کە نابێت ھیچ لایەن و پێکھاتەیەک پەرواێز بخرێت و بەتەنھا ئیدارە نادرێت و سەرکەوتوو نابێت".
راوێژکاری سەرکۆماری عێراق، ئیسماعیل حەدیدی باسی لەوەیشکرد کە ئەو پۆستە ئیداری و ئەمنیانەیشی لە کوردی کەرکووک وەرگیراون ئەگەر بەپێوەری باشی و خزمەتکردن بێت ئەوا کێشە نییە، بەڵام گەر بە ئەنقەست بیانەوێت کورد پەراوێزبخرێت، ئەوا ئێمە قبوڵی ناکەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن