جيهان

ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستانی کرد

هەزاران هاووڵاتی ئەفغانستانی بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان روویان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە.

Bilal Güler, Sayed Khodaiberdi Sadat  | 23.06.2022 - نوێکردنەوە : 26.06.2022
ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستانی کرد

Ankara

پاکتیکا- AA

ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردانی ئەو ناوچانەی ئەفغانستانی کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئەو وڵاتەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

بەیانی دوێنێ، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند و ئەو ویلایەتانەی گرتەوە کە دەکەونە سەر سنووری پاکستان، تا ئێستاش زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

دەزگای لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرداوە کە گوڕی بوومەلەرزەکە ٥،٩ پلەی رێختەر، بووە.

زۆرترین زیانی گیانی و ماددیش بەر ویلایەتی پاکتیکا کەوتووە کە هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان.

- هەزاران هاووڵاتی ئەفغانستان چوون بە هانای لێقەوماوانەوە

تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو وێنەی ئەو تراجیدیا مرۆییەی تۆمار کرد کە لە شارۆچکەی گیانی سەر بە ویلایەتی پاکتیکا، روویداوە.

بەهۆی تێکچوون و داڕووخانی رێگاکانەوە لە ناوەندی پارێزگاکەوە بۆ شوێنە زیانلێکەوتووەکان، چوار کاتژمێر پێویستە. هەزاران هاووڵاتی ئەفغانستانیش بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان روویان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە، بەهۆی دروستبوونی ترافیک و نەگونجاوی رێگاکانەوە بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان پەکیان کەوتووە و بەشێکی دیکەشیان دووچاری رووداوی هاتوچۆ بوون.

لە ئێوارەشدا زیاتر لە ٥٠ ئامبوڵانس، گیانلەدەستداو و بریندارەکانیان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانەوە گواستەوە.

دوێنێش بەشێک لە بەرپرسانی تاڵیبان سەردانی ناوچەکەیان کرد و هەزاران ئەندامی تاڵیبانیش بەشداری هەڵمەتی گەڕان و بەهاناوەچوونی لێقەوماوانیان کرد.

بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خانووەکانی ئەو ناوچانە لە گڵ دروست کراون، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا سەقفەکانیان داڕماوە، ئەو کەسانەشی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران.

هەرچەندە لەبارەی ژمارەی قوربانییەکانەوە ئامارێکی تەواو نییە بەڵام دانیشتووانی شارۆچکەی گیان بە "سەدان کەس" دەیخەمڵێنن.

بەرپرسێکی ئەمنی تاڵیبان کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەدا کە لەژێر داروپەردووەکاندا تەرمی دیکەش هەن و گوتیشی: "هێشتا کۆمەڵێک تەرم ماون دەربهێندرێن. بەشێک لە گوندەکان بەتەواوی خاپوور بوون و یەک خانوویان تیادەرنەچووە".

یەکێک لە پزیشکانی ناوچەکە بە ناوی مەلیکغازی موعزەمیل، لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند: "لە ناوەندی پاکتیکاوە هاتووم. چەند پزیشکێکی دیکەش لە ویلایەتەکانی دیکەوە هاتوون بۆ هاوکاری. کاتێک گەیشتمە ئێرە هەموو شوێنێک خاپوور ببووە. تەنها لە یەک گونددا نزیکەی ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٥٠ کەسی دیکەش بریندارن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın