سياسەت, عێراق

ئارێز عەبدوڵڵا: "پارتی پابەندی رێککەوتنی نێوانمان نەبووە بۆیە بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانمان لە پەرلەمان دا"

- ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا: "تاوەکو لە کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی، کێشە و ناکۆکییەکانمان چارەسەر نەکەین، بڕیاری سەرکردایەتی وایە فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان، بەشداری کۆبوونەوەکان نەکات".

Hawkar Yaseen  | 21.07.2020 - نوێکردنەوە : 23.07.2020
ئارێز عەبدوڵڵا: "پارتی پابەندی رێککەوتنی نێوانمان نەبووە بۆیە بڕیاری هەڵپەساردنی کارەکانمان لە پەرلەمان دا"

Arbil

هەولێر - AA

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەیدا بەدەنگی زۆرینەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بڕیاری دا فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان هەڵپەسێرێت و سەرۆکی پەرلەمانیش بەرنامەی کار بۆ کۆبوونەوە دانەنێت.

لەمبارەیەوە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند "کۆمەڵێک کیشە و گرفت هەیە لەنێوان یەکێتی و پارتی پێویستە ئەو گرفتانە هەموویان چارەسەر بکرێن لەنێویشیاندا، کێشەی پەرلەمان. لە پەرلەمان ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی هەیە، ناکرێت ئەوان لەناو پەرلەمان بەزۆرینە و کەمینە بڕیارەکان تێپەڕێنن، پێویستە بە رێککەوتن بێت و ئەوە دڵنیا بکەینەوە، ئینجا ئامادەین بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەین".

ئارێز عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی بڕیارمان لێداوە هەڵپەساردن نییە، بەڵکو هەڵوێستە، پێویستە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن بەتایبەت دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر بەپێوەری زۆرینە و کەمینە لەکاتێکدا سەرۆکی پەرلەمان ئامادەنەبوو لە ئیدارەدانی ئەو کۆبوونەوەیە، ئەمە لەکاتێکدا ئێمە رێککەوتنی پێشوەختەمان هەیە کە ئەو جۆرە کارانە بە رێککەوتن بێت کە ئەمە رەچاو نەکرا، کەواتە ئەو بابەتە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو بابەتانە قسەی لەسەر بکەین ئینجا فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان ئیش و کارەکانی خۆی دەکات".

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا راشیگەیاند "ئێمە پێمان وایە پارتی پابەندی رێککەوتنی نێوانمان نەبووە و بە پێوەری زۆرینە و کەمینە کارەکان دەکات، لەکاتێکدا رێککەوتن هەیە کە بە هاوبەشی کارەکان بکەین، بەڵام ئەوەی رووی دا خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بوو و فشاریشی خستە سەر نوێنەری کەمینە نەتەوایەتییەکان بۆ ئەوەی زۆرینەکە تێپەڕێنێت".

ئارێز عەبدوڵڵا دەربارەی ئەوەی کەی بڕیاروایە سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە سەرکارەکەی گوتی: "سەرۆکی پەرلەمان خۆی دەبێت بڕیار بدات کە بەشداری کۆبوونەوەکان دەکات یان نا، ئێمە پێمان وایە ئەوەی رووی دا شکاندنی هەیبەتی پەرلەمان بوو، چونکە سەرۆک لەناو پەرلەمان بوو بەبێ ئەو کۆبوونەوەی پەرلەمان کرا، کەواتە شەراکەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ یەکێتی هیچ مانای نەما، بڕیاری سەرکردایەتی ئەوەیە دەبێت؛ سەرۆکی پەرلەمان بەرنامەی کۆبوونەوە دانەنێت تاوەکو ئەو کێشانە چارەسەر دەکرێت و ئەو بابەتە یەکلادەکرێتەوە".

سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵگرتنی هەڵپەساردنی کارەکانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان بەستووەتەوە بە ئەنجامی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان لەگەڵ پارتیدا، دەربارەی ئەوەی کەی کۆبوونەوەکە دەکرێت، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا گوتی: "نازانم کەی دەبێت ئێمەش چاوەڕوانین، ئێمە وەک خۆمان ئامادەین کۆبوونەوە بکەین و کێشەکان چارەسەر بکەین پارتیش ئامادەیە، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە".

ئارێز عەبدوڵڵا گوتیشی: "جارێک ئێمە لەبەر ئەو بابەتەی لە پەرلەمان روویدا کۆبوونەوەکەمان دواخست، ئێستاش گفتوگۆمان هەیە، ئومێدەوارم لەو ماوەیە کۆبوونەوەکە بکرێت، چاوەڕوانی کۆبوونەوەکەین و ئەمڕۆ و سبەی دەبێت ئینشائەڵڵا".

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارێز عەبدوڵڵا هەروەها گوتیشی: "لەو کۆبوونەوەیە ئەگەر بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت کێشە بنچینەییەکان چارەسەر بکەین، بەڵام وردە کێشە لەنێوانمان هەر دەمێنێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın