سياسەت, archive

پێشمەرگەی رۆژئاوا بە فەرمی دەگەڕێتەوە

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت "زیاتر لە شەش ھەزار کەس لە ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا، کە لە باشووری کوردستان راھێنانی سەربازییان تەواو کردووە، دەچنەوە رۆژئاوا".

17.09.2015 - نوێکردنەوە : 17.09.2015
پێشمەرگەی رۆژئاوا بە فەرمی دەگەڕێتەوە

ھەولێر 

 

دوای تێكچوونی رەوشی سووریا و دروست بوونی چەندین گرووپی چەكداری لە رۆژئاوا، كورد سێ كانتۆنی جزیر،كۆبانی و عەفرینی دروست كرد كە پەیەدە سەرپەرشتیان دەكات و دەسەڵاتدارە لەو ناوچانەیە و ئەمە زیاتر لە پێنج ساڵە پێكدادانەكان لەو ناوچانەدا بەردەوامە و ھێشتا ناوچەكە سەقامگیر نەبووە.

لەگەڵ ئەو رەوشە چەندین جۆرە ناكۆكی لە نێوان حزبەكانی كوردی دروست بووە بە جۆرێك پەیەدە و پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا تا ئێستا دوو رێككەوتننامەیان لە ھەولێر و دھۆك ئیمزاكردووە بەڵام جێبەجێ نەكراوە. لە ئێستاشدا بە ناوەندگێری ئەمریكا ھەر دوو لا رێككەوتنێكیان ئیمزا كردووە كە یەكێك لە خاڵەكانی، گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ رۆژئاوا.

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك (پەیەدە) ساڵح موسلم و نوێنەری حكوومەتی ئەمریكا دوێنێ لە ھەولێر كۆبوونەوە لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق و ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و چۆنیەتی شكست پێ ھێنانی تیرۆریستان و كاری ھاوبەشی نێوان ھێزی ھاوپەیمانان و پێشمەرگە و ھێزەكانی عێراق تاوتوێ كرا. ھەروەھا باس لەوەش دەكرێت كە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژئاواش تاوتۆێ كراوە.

لە ساڵی ٢٠١١ پەنابەرێكی زۆر لە رۆژئاوا رووی لە ھەرێمی كوردستان كرد و ئەوەیش وای كرد كە زۆربەی ئەوانەی كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا بوون ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا درووست بكەن كە رۆڵی دیاری لە شەڕی تێرۆریستانی داعش لە هەرێمی كوردستان ھەبووە.

ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە ١١ فەوج و زیاتر لە شەش ھەزار كچ و كوڕ پێكھاتووە و ئەوانیش ھەموویان خەڵكی رۆژئاوان و ئەو ھێزە لە ئێستادا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە و ئەگەر بگەڕێتەوە رۆژئاوا بەپێی رێككەوتنەكە قسە لە سەر پێدانی مووچە بەو پێشمەرگانە دەكرێت.

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا نەشئەت زازا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو بابەتە بۆ رۆژئاوا گرنگە و ئەوانەی لەو ھێزە جێگیر بوونە ھەموویان خەڵكی رۆژئاوان و ئەوان تەنها لە ھەرێم پەروەردەی سەربازیان پێداراوە، بەڵام تایبەتن بە رۆژئاوا و ئەنجوومەنی نشتیمانی كورد، ئەو بابەتەش چەندین جار گفتوگۆی لە سەر كراوە و ھەروەھا لە رێككەوتنی دھۆك ئەو پرسە باس كراوە و ئەوەی چەند رۆژی رابردوو باسی لێ كراوە ئەوەش لە سەر بەردەوامی رێككەوتنی دھۆك بووە و تەنیا بۆ ماوەیەك ناكۆكی لە نێو ھەر دوو لایەن ھەبووە كە خۆشبەختانە چارەسەر دەكرێت".

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا باسی لە رۆڵی پێشمەرگە لە كۆبانێ كرد و گوتی: "لە ئێستادا رۆژئاوا پێویستی بە پێشمەرگە و ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە بۆ ئەوەی خاكی رۆژئاوا بپارێزن و ھەروەھا شەڕی كوبانێ ھەموو شتێكی بۆ جیھان ئاشكرا كردەوە كە كاركردنی پێكەوە رۆژئاوا پێش دەخات و دەتوانین لە ماوەیەكی نزیكدا تێرۆریستان لە وڵاتمان وەدەرنێین".

لە بارەی ھاتنە سەر خەتی ئەمریكا بۆ ئەو پرسە زازا گوتی: "ئەمریكا وڵاتێكە كێشەكان لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و جیھان چارەسەر دەكات بە جۆرێك لە ھەرێمی كوردستان لە سەر ناكۆكی نێوان حزبەكانیش تەداخولی كرد تا بگەنە چارەسەری. بۆ پرسی پێشمەرگەی رۆژئاواش ھەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی ئەو پرسە چارەسەر بكات و ئەگەر ئەمریكییەكان لەگەڵ ھەردوو لا كۆبوونەوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە ئەوان یەكگرتووی كوردیان لا گرنگە و بە باشی دەزانن".

ھەروەھا گوتی: "لە ئێستادا باس لە ١١ فەوج دەكرێت كە لە زیاتر لە شەش ھەزار كەس پێكھاتووە كە لە دوارۆژدا لەوانەیە ژمارەیان زیاتریش ببێت و گەڕانەوەی ئەو  پێشمەرگانە بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت و دەبێت وڵاتانی ھاوپەیمانان لە ھەموو رووێكەوە پشتگیری لە پێشمەرگە بكەن تاكو بتوانن بڕون بە جۆرێك ئەگەر پێشمەرگە بڕوات ئەمریكا و ھەرێمی كوردستان بە چەك پشتگیری لەو پێشمەرگانە دەكەن و ئەوە لە كۆبانێ دیار بوو".

لە بارەی شوێنی مانەوە وەك ناوچەیەكی تایبەت یا لە ھەر سێ كانتۆن جێگیر دەكرێن زازا گوتی: "لەو كاتە ژوورێكی ئۆپەراسیۆن پێك دێت كە ئەو ھێزانەی لەو ناوچانەن لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان بەشدار دەبن و ئەوان بۆ شوێنی پێویست رەوانە دەكرێن و، ھەروەھا ئەو كاتەی پێشمەرگە بگەڕێتەوە یەك ئیدارەی دروست دەبێت و لە بارەی مووچەی ئەو پێشمەرگانەش ئەو كات بڕیار دەدرێت".

لە بارەی وەڵامی پەیەدە بۆ ئەو پرسە زازا گوتی: "ھەرچەندە تا ئێستاش پەیەدە بە تەواوی رازی نەبووە بەڵام ئەوان پێویستیان بە پێشمەرگەی رۆژئاوا و ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە و ئێستا تەنیا رێككەوتن كراوە و ئەوان بە دڵخۆشی ئەرێ نادەن و ئەوانیش لە ژێر فشاری شەڕ و وڵاتانی ھاوپەیمانانن و ئەوەیش بە كارێكی باش نازانن با یەكگرتوو بین".

 
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın