ئابووری, archive

وردەكاریی پرۆژە بوودجەی 2016ی عێراق

وەزارەتی دارایی عێراق پرۆژە بوودجەی 2016ی رەوانەی حكوومەت كرد كە 113 تریلیۆن و 505 ملیار و 771 ملیۆن و 318 هەزار دینارە.

17.09.2015 - نوێکردنەوە : 17.09.2015
وردەكاریی پرۆژە بوودجەی 2016ی عێراق

هەولێر - ھێمن بابان 

 

بەپێی پرۆژەكە عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هەناردەی دەرەوە دەكات.

وەزارەتی دارایی عێراق 14ی ئەم مانگە پرۆژە بوودجەی ساڵی 2016ی عێراقی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد، پرۆژەكە لە دوو تۆی 23 لاپەڕە لە 34 مادە پێك دێت، لە چەندین بڕگە قەیرانی دارایی عێراق هەستی پێ دەكرێت بە دیاریكراوی لە كەمبوونەوەی بڕەكەی بە بەرارود بە چەند ساڵی رابردوو و كەمكرنەوەی خەرجییەكان بەگشتیی، ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەدواداچوونێكی رۆژنامەوانییدا وردەكاریی ئەم بوودجەیە و دیارترین ژمارەكانی دەخاتەڕوو.

هێڵەکانی سەرەكی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2016

أ-بوودجەی گشتی:

بەپێی رەشنووسی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2016 كە وەزارەتی دارایی 14ی ئەم مانگە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی رەوانە كردووە، بوودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بریتییە لە سەرجەمی خەرجییەكان 113 تریلیۆن و 505 ملیار و 771 ملیۆن و 318 هەزار دینار دەبێت كە دەكاتە نزیكەی 93 ملیار و 537 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریكی دەكات.

ب-خەرجییەكان:

بوودجەی عێراق بۆ سەر دوو بەش پێك دێت، بوودجەی بەكاربردن و بوودجەی وەبەرهێنان، بوودجەی بەكاربردن بڕی 83 تریلیۆن و 25 ملیار و 254 ملیۆن و 216 هەزار دینارە (69 ملیار دۆلاری) كە نزیكەی 73 لەسەدی كۆی بوودجەی گشتیی عێراق پێك دەهێنێت. هەرچی بوودجەی وەبەرهێنانیشە ئەوە بڕی 30 ترلیۆن و 480 ملیار و 517 ملیۆن و 102 هەزار دینار دەكات (24 ملیار و 984 ملیۆن دۆلار) نزیكەی 27 لەسەدی كۆی خەرجییەكان پێك دەهێنێت.

ج- داهاتەكان:

كۆی داهاتەكانی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بریتییە لە 84 تریلیۆن و 73 ملیار و 557 ملیۆن و 138 هەزار دینارە كە دەكاتە نزیكەی 69 ملیار دۆلاری عێراقی.

داهاتی نەوتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بریتییە لە 69 تریلیۆن و 773 ملیار و 400 ملیۆن دینار كە رێژەی 83 لەسەدی داهاتەكانی گشتی پێك دەهێنێت.

داهاتی نا نەوتیش بڕی 14 تریلیۆن و 773 ملیار و400 ملیۆن دینار دەكات و 17 لەسەدی داهاتەكان پێك دەهێنێت.

د-كورتهێنان: 

 بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 بڕی 29 تریلیۆن و 432 ملیار و 214 ملیۆن و 180 هەزار دیناری عێراقی (نزیكەی 24 ملیار و 124 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار) كورتهێنانی هەیە، ئەوەش بەپێی پرۆژەكەی وەزارەتی دارایی بە قەرزكردنی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و ئەو پارەی ماوەی ساڵانی رابردوو لە وەزارەتی دارایی و ئەو پارانەی لە زیادبوونی نرخی نەوت لە ئایندەدا بەدەست دێت پڕدەكرێتەوە. 

بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بوودجە لە پرۆژەكەی وەزارەتی دارایی عێراق 12 رێگە پشت پێ بەستراوە كە عێراق پارەی لێ وەدەست بهێنێت كە هەشتیان قەرزكردنن لە دەرەوە بەبڕی 10 ملیار و 270 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی، بەپێی پرۆژەكە عێراق پێنج شوێنی داناوە بۆ ئەوەی قەرزیان لێ بكات ئەوانیش بریتیین لە:

أ-قەرزكردن لە بانكی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بەبڕی 270 ملیۆن دۆلار.

ب-قەرزكردن لە بانكی نێودەوڵەتی بەبڕی 750 ملیۆن دۆلار.

ج-قەرزكردن لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاریكاری نێودەوڵەتی بەبڕی یەك ملیار دۆلار.

د-قەرزكردن لە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی بەبڕی یەك ملیار دۆلار.

ه-قەرزكردن لە بانكی نیشتمانی قەتەری بەبڕی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

ئەوە سەرباری قەرزكردنێك بەمەبەستی پارەداركردنی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە رێگەی دانی دواخراوەوە بەبڕی پێنج ملیار دۆلار و قەرز لە ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوكاری نێودەوڵەتی بەبڕی 250 ملیۆن دۆلار، جگە لە قەرزكردنێكی دیكە لە هەمان ئاژانس بەبڕی یەك ملیار دۆلار.

ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مەسعود حەیدەر لەبارەی پرۆژەكەوە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرۆژەكە واقیعی نییە، تا رادەیەك خەیاڵییە، پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی تەواو هەیە تا ببێتە بوودجەیەكی راستەقینە، بە نموونە نرخی نەوت بە 45 دۆلار خەمڵێنراوە كە دەبوو كەمتر بێت هەروەها دەبوو خەرجییەكانی زیاتر كەم بكرێتەوە چونكە عێراق قەیرانی دارایی هەیە".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بەپێی داتاكانی ساڵی 2015 سەرچاوەكانی دیكەی عێراق 17 لەسەد پشتی پێ بەستراوە بەڵام لە عێراق ئەو رێژەیە زۆر لەوە كەمترە كە ئاماژەی پێ كراوە.

ئەندامەكەی لێژنەی دارایی باسی لەوەشكرد كە ئەو قەرزانەی حكوومەت رەنگە بیكات دەبێت بەرچاویان روون بكەنەوە.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران عەبدولجەبار عەبادی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێمای بۆ ئەوەكرد كە پرۆژەی بودجەی2016 كەموكورتیی تێدایە و پێویستی بە گفتوگۆكردنە، روونیشی كردەوە "دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بكرێتەوە رادەی خەرجییەكان كەمتر بكرێت و چاكسازییەكانی سەرۆكوەزیران لە پرۆژەكەدا رەنگ بداتەوە و دەبێت هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ زیادكردنی داهاتەکانی نانەوتی كە ئەوەی لە پرۆژەكەدا هاتووە پێناچێت تەواو دروست بێت، چونكە عێراق خاوەنی ئەو رێژە زۆرە لە  داهاتەکانی نانەوتی نییە".

وردەكارییەكانی بوودجە

أ-وەزارەتی دارایی عێراق پێشبینی دەكات لە ساڵی 2016 عێراق بتوانێت رۆژانە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێكیش 45 دۆلاری بۆ دانراوە، ئەوەش روون كراوەتەوە لەو بڕە هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی كەركوك هەناردە بكات.

ب- بوودجەی هەرێمی كوردستان رێژەی 17 لەسەدی خەرجییەكان پێك دەهێنێت، بەو پێیە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 بڕی ئەو بوودجەیەی بۆی تەرخان كراوە بریتییە لە بوودجەی هەرێمی كوردستان بڕی 13 تریلیۆن و 848 ملیار و 517 ملیۆن و 802 هەزار دینار دەبێت.

ج- خەرجییەكانی ئاسایش و بەرگری لە عێراق زۆرترین خەرجین، پرۆژە بوودجەی ساڵی داهاتوو ئەوە دەردەخات كە ئەو خەرجییە 20 تریلیۆن و 918 ملیار و 735 ملیۆن و 918 هەزار دینار لە كۆی 113 تریلیۆن و 505 ملیار و 771 ملیۆن و 318 هەزار دینار كە دەكاتە رێژەی 18,5 لەسەدی كۆی خەرجییەكان و بوودجەی عێراق دەكات.

لەو بڕە خەرجییەكانی وەزارەتی نێوخۆی عێراق بڕی 11 تریلیۆن و 847 ملیار و 466 ملیۆن و 445 هەزار دینار، وەزارەتی بەرگریش بڕی نۆ تریلیۆن و 71 ملیار و 269 ملیۆن و 473 هەزار دینار دەبێت.

هەروەها خەرجییەكانی وەزارەتی دارایی عێراق لە سەرجەم وەزارەتەكانی دیكەی عێراق زیاترە كە بڕی 18 تریلیۆن و 440 ملیار و 650 ملیۆن و 905 هەزار دینار دەبێت، پاشان وەزارەتی نەوت بە 16 تریلیۆن و 674 ملیار و 461 ملیۆن و 361 هەزار دینار و دواتر وەزارەتی پەروەردە بڕی حەوت تریلیۆن و 851 ملیار و 704 ملیۆن و 515 هەزار دینار، دوای ئەویش وەزارەتی خوێندنی باڵا بەبڕی پێنج تریلیۆن و 709 ملیار و 754 ملیۆن و 924 هەزار دینار دێت.

د-كۆی گشتیی فەرمانبەرانی عێراق سێ ملیۆن و 14 هەزار و 23 فەرمانبەرن، لەو بڕە 679 هەزار و 939 فەرمانبەریان لە هەرێمی كوردستانن كە رێژەی 22,5 لەسەدی كۆی فەرمانبەران پێك دەهێنن.

ه- بڕی تریلیۆنێك و 747 ملیار و 762 ملیۆن دینار بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی پرۆژەی هەرێم و پارێزگاكان دەبێت لەنێویاندا هەرێمی كوردستان.

و- بڕی 150 ملیار دینار كە دەكاتە نزیكەی 122 ملیۆن و 950 هەزار دۆلار یەدەگی لەناكاو دەبێت.

ز- بڕی دوو دۆلار وەكو پرۆژەی پترۆدۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی بەرهەمهێنراو لە هەر پارێزگەیەك و دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی پاڵێوراو لە پاڵاوگەكانی هەر پارێزگەیەك تەرخان كدەكرێت و دوو دۆلار بۆ هەر 150 مەتر سێ جا لە غازی سرووشتی.

ح- ماددەی بیستەمیش دەڵێت مافی كۆمپانیاکانی بیانیی نەوتی ئەوانەی لە هەرێم كار دەكەن بەمەبەستی دەرهێنانی نەوت لە پشكی 17 لەسەدی هەرێم دەدرێت.

ت-هەروەها مادەی 23 باس لەوە دەكات كە وەزارەتی كارەبا و گەیاندن و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و ئەمیندارێتی بەغدا هەڵدەستێ بە كاراكردنی وەرگرتنی كرێی كارەبا و تەلەفۆن و ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم رسوماتەكانی دیكە كە بەپێی یاساكان باس كراون بەمەبەستی زیادكردنی سەرچاوە خودییەكانی بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە بوودجەی گشتی.

ك- بەردەوام بوون لە سەپاندنی باجی فرۆشتن لەسەر كارەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت بە رێژەی 20 لەسەد لە بەهای كارتەكە و رێژەی 15 لەسەد لەسەر كڕینی ئوتۆمبیل و تیکێتی فڕۆكە و خواردنەوە كحولییەكان لە سەرجەم عێراق.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın