
هه‌ولێر - شوان سدیق
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له شاری هه‌ولێر هه‌شته‌م كۆبوونه‌وه‌ی پێنج قۆڵی لایه‌نه‌كان پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، یه‌كگرتووی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی سه‌باره‌ت به پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردشتان و حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی نێوان لایه‌نه‌كان، چوار لایه‌نه‌كه گۆران، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، گفتوگۆ سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه یان له نێو په‌رله‌مانی كوردستان.
هه‌روه‌ها به‌شێكی تری پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه كه لایه‌نه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه.
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مجاره له‌كاتێكدایه پێشتر چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر ئه‌نجام دراوه به‌ڵام بێ ئه‌نجام بووه.
هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كان بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه چوار لایه‌نه‌كه باس له پاكێجی چاكسازی بكرێت كه خۆی له 10 خاڵ ده‌بینێته‌وه.
پاكێجی چاكسازیی لایه‌نه‌كان گۆڕان، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ ئەم بوارانە لەخۆ دەگرێت: په‌سندكردنی ده‌ستوور و خستنه راپرسی، هێنانه‌كایه‌ی شه‌فافییه‌ت له دۆسیەی نه‌وت، جێبه‌جێكردنی حكوومه‌تی خۆجێی له هه‌ولێر و دهۆك، چاكسازیكردن له بواره‌كانی دادوه‌ری، داهات و بژێوی خه‌ڵك، خوێندن و په‌روه‌رده.
هه‌روه‌ها یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه، نه‌هێشتنی شوێنه‌واری دووئیداره‌یی، دادگه‌ری و هاوبه‌شتی راسته‌قینه له جومگه‌كانی حوكمڕانی، چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی بۆ كێشه‌ی گه‌نجان و هه‌نگاوی به‌په‌له بۆ راگرتنی كۆچی گه‌نجان، ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتیی، رێكخستنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه.