Dahuk
هەولێر - AA
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، ڕێگر بێسڤکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٥دا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار مەتر دووجا ڕووبەری زەوی لە حەوت ناوچەی جیاواز لە مین پاککراونەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە. هەروەها لە ڕێگەی کارە مەیدانییەکانەوە، ١٧٢٩ پارچە مین و تەقەمەنی جۆراوجۆر لەناو براون، کە پێکهاتبوون لە ٢٢٢ مینی دژە کەسی، ٧ مینی دژە تانک، ٩ بۆمبی چێندراو و ١٤٠٠ پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆری دیکە".
له سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە ٧٠٠ زەویی مینڕێژکراو هەبوون، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣٥٠ زەوی بە تەواوەتی پاک کراونەتەوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی کاروباری مینی دهۆک باسی لەوەش کرد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا یەک ڕووداوی تەقینەوەی مین تۆمارکراوە و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە، داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی گەشت و سەیراندا هۆشیاربن و خۆیان لە ناوچە گومانلێکراوەکان بەدوور بگرن و گوتی: "بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، ١١١ خول و سمینار بۆ قوتابخانەکان، فەرمانگە حکوومییەکان و گرووپە شاخەوانەکان ئەنجامدراون کە ٥١٩٢ کەس لێی سوودمەند بوون، هەروەها ٥٤٩٢ کەرەستەی هۆشیاریی بڵاوکراونەتەوە و ١٠ تابلۆی گەورەی ئاگادارکەرەوە لە سەرتاسەری پارێزگاکە جێگیرکراون".
لەبارەی کاتی کۆتاییهاتنی مەترسیی مین لە ناوچەکەدا، ڕێگر بێسڤکی ڕوونیکردەوە کە ناتوانن ساڵێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەن بۆ پاککردنەوەی تەواوەتی پارێزگاکە و گوتی: "تیمەکانی ئێمه شهڕ لهگهڵ مردن دهكهن؛ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاککردنەوەی سەرجەم ئەو ناوچانەی پاشماوەی جەنگیان لێیە، بەڵام هەندێک جار پاککردنەوەی زەوییەک چەند مانگێک دەخایەنێت. بۆ نموونە ئێستا لە زەوییەکی ناحیەی زاویته چەندین مانگە کار دەکەین و تا ئێستا پتر لە ١٠٠ مین دەرھێنراوە و کارەکان تێیدا هێشتا بەردەوامن".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
