جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "بە بێ ڕاگرتنی ئیسرائیل، ئیرادە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کەموکۆڕی تێدایە"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "تەنانەت ئەگەر هەموو کەس بۆی گرنگ نەبێت، ئەوە ئێمە ناتوانین بەرامبەر ئازار، ستەم و پێکدادانە بێ کۆتاییەکان لە ناوچەکەماندا بێ هەڵوێست بین".

Kaan Bozdoğan  | 27.09.2025 - نوێکردنەوە : 29.09.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "بە بێ ڕاگرتنی ئیسرائیل، ئیرادە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین کەموکۆڕی تێدایە"

Istanbul

هەولێر - AA

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل ڕانەگیرێت، ئەو ئیرادەیەی کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتە گەڕ، کەموکۆڕی تێدا دەبێت و جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ناتانیاهو، کابینەکە و تیمی کۆمەڵکوژی دەستبەجێ دادگایی و سزا بدرێن.

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە "کۆڕبەندی دیپلۆماسی بسفۆر" کە لە دوورگەی ئازادی و دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەش کرد.

لەسەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە دۆخی جیهانی و سیستەمی زاڵ گرت و گوتی: "ئاشتی و ئاسایشی جیهانی شوێنی خۆیان لەگەڵ گۆمئاوی بێ کۆتایی جەنگ و ناسەقامگیری گۆڕیوە. ئەو سیستەمەی کە سەرکەوتووانی جەنگی جیهانی دووهەم دایانمەزراند، ئێستا کارایی و متمانەی خۆی لەدەستداوە".

گوتیشی: "تەنانەت ئەگەر هەموو کەس بۆی گرنگ نەبێت، ئەوە ئێمە ناتوانین بەرامبەر ئازار، ستەم و پێکدادانە بێ کۆتاییەکان لە ناوچەکەماندا بێ هەڵوێست بین".

سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها باسی دۆخی فەڵەستینی کرد و لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: "هەر گیانێک کە لە غەززە، یەمەن، سووریا، سوودان و سۆماڵی وەردەگیرێت، بە واتای وەرگرتنی گیانێکە لە ئێمە. لە غەززە، برسێتی وەک چەکێکی کۆمەڵکوژ بەکار دەهێندرێت. دوێنێ سەرۆکی تۆڕی کۆمەڵکوژی، نەیتوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کەسێک بدۆزێتەوە کە گوێ بۆ درۆ و هەڕەشەکانی ڕابگرێت و قسەی بۆ کورسییە بەتاڵەکان کرد. ئەوانەی کە پرسی غەززە لە چوارچێوەی حەماس'دا کورت دەکەنەوە، بەرە بەرە لە ڕاستیی بابەتەکە تێدەگەن. سڵاو دەنێرین بۆ سەرنشینانی کەشتیگەلی سومود کە کەوتوونە بەر هێرشی تیرۆری دەوڵەتیی ئیسرائیل. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ڕێگەیان کراوە و سەرکەوتوو بن".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش دابینکردنی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیرییەکی بەهێزە لە ناوچەکەدا. وەک تورکیا بیرمان لەو ئاراستەیەدایە. تورکیا ئەوەندە ئەکتەرێکی بەهێزە، کە بەبێ هیچ بەربەستێک بتوانێت بەشێوەیەک کە شایستەی گەورەیەتی، لەگەڵ هەرکەسێک کە بۆ ئاشتی، سەقامگیری، ئاسایش و دادپەروەری هەوڵ دەدات، گفتوگۆ بکات".

گوتیشی: "لە کاتێکدا داردەستەکانی جەنگ هەوڵی ڕشتنی بەنزین بۆ سەر ئاگریان دەدا، ئێمە لە هەوڵی ئاشتی دابووین. ئێستا لە فەڵەستین و غەززە لەو هەوڵەداین".

سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، "بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین، هەرچەند درەنگیش بێت، هەنگاوێکی گرنگە. پێشوازی دەکەین لە پاشەکشەی هەر هەنگاوێکی هەڵە کە لەگەڵ برایانی فەڵەستینیمان کردوویانە" و گوتیشی: "بەفەرمی ناسینی دەوڵەتی فەڵەستین، درەنگیش بێت، هەنگاوێکی گرنگە. بەڵام ناتوانین خۆمان لەو پرسیارە بدزینەوە، ئایا دەکرا بەبێ کوژرانی ٦٥ هەزار بێ تاوانیش، لێی خاوەن ببان؟"

لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "تا ئەو کاتەی ئیسرائیل ڕانەگیرێت، ئەو ئیرادەیەی کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین خراوەتە گەڕ، کەموکۆڕی تێدا دەبێت. ناتانیاهو، کابینەکە و تیمی کۆمەڵکوژی پێویستە دەستبەجێ دادگایی و سزا بدرێن. پێویستە سزای بەهێز بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێندرێت تەنانەت ڕێگریی لە بەشداری کێبرکێیە نێودەوڵەتییەکانی وەرزشیش. ڕێکارەکانی ئیسپانیا ناتوانرێت لەبەر چاو نەگیرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın