جيهان, عێراق

سوودانی: "ئامادەین ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێرین"

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە ئامادەن ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێرن، ئەوەیش بە ئامانجی چارەسەرەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

Zana Natık Kerem  | 23.03.2026 - نوێکردنەوە : 23.03.2026
سوودانی: "ئامادەین ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێرین"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا ھەیە و ئاماژەی بەوەشدا کە ئامادەن ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێرن، ئەوەیش بە ئامانجی چارەسەرەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

محەمەد شیاع سوودانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنانەی "Corriere della Sera"ی ئیتاڵی کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراق "INA" بڵاوکراوەتەوە تیایدا تیشکی خستووەتەڕ سەر دۆخی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاندووە کە ئێستا ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی زۆر مەترسیداردا تێپەڕدەبێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردووە کە ئەگەری ھەیە ململانێیەکان لە ناوچەکە زیاتر پەرەبسێنن و شەڕەکەش لە ناوچەکەدا فراوانتر بێت.

سوودانی ڕاشیگەیاندووە کە ئیسرائیل شەڕەکان ھەڵدەگیرسێنێت و کارەسات دروست دەکات و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و گوتی: "عێراق بە نیگەرانییەوە چاودێری ھەڵکشانی خراپی دۆخی ناوچەکە، چونکە عێراق کەوتووەتە ناو دڵی ناوچەیەک کە بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتییەکانی تێدا گرێدراون".

محەمەد شیاع سوودانی باسی لە دۆزی فەڵەستین کردووە و ڕایگەیاندووە کە دۆزی فەڵەستین وەک فاکتەری بنەڕەتی ناسەقامگیریی دەمێنێتەوە و پشتگوێخستنی یان دواخستنی چارەسەرکردنی دەبێتە مایەی دووبارەبوونەوەی کردەی توندوتیژی.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوەش کردووە کە ئەگەری ھەیە پەرەسەندنی گرژییەکان، ببێتە مایەی ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە وەک نەوت و غاز، ئەمەش ڕەنگدانەوەی جیددی لەسەر ئابووری جیھانی دەبێت.

محەمەد شیاع سوودانی باسی لەوەش کردووە کە عێراق ھەوڵدەدات خۆی لە ململانێیەکانی ناوچەکە بەدوور بگرێت و نابێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان و گوتی: "حکوومەتی عێراق ھەوڵ بۆ پتەوکردنی سەقامگیری ناوخۆ دەدات، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی دیپلۆماسی دەگێڕێت بۆ لێکنزیککردنەوەی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.

گوتیشی: "پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکادا ھەیە، ھەروەھا ئامادەین ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بگێرین، ئەوەیش بە ئامانجی چارەسەرەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پرسی گەرووی ھورمز بە سەربازیی چارەسەر ناکرێت و گوتی: "ئێمە باوەڕمان بە چارەسەری سەربازی نییە، ھەر دەستێوەردانێکی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەرووی ھورمز کاردانەوەی ئێرانی لێدەکەوێتەوە".

محەمەد شیاع ڕاشیگەیاندووە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ھەوڵەکانیان زیاتر چڕکردووەتەوە لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ھەر توندوتیژییەکی نایاسایی، ھەروەھا سەرکەوتووانە توانیویانە ڕێگریی لە ژمارەیەکی زۆر ھێرش بگرن.

ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک لە گرووپە چەکدارەکان، بوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق وەک داگیرکاریی لەقەڵەم دەدەن، ھەر بۆیە لەگەڵ ھاوپەیمانیان بڕیاریاندا لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە وادەی خۆیدا کۆتایی بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق، بھێنن و گوتی: "ئێستا ھیچ مەترسییەک بۆ عێراق لە شەڕی ناوخۆ یان سەرھەڵدانەوەی تیرۆر نییە، بەڵام کێشەی ئێستا پێشێلکردنی ئاسمانیی عێراقە لەلایەن ئەمریکا و ئێرانییەوە".

محەمەد شیاع سوودانی لە كۆتایی قسەكانیدا باسی لە هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كرد و گوتی: "بەداخەوە ئەمریکا لە ھێزەکانی حەشدی شەعبی داو، شەھید و برینداری لێکەوتەوە. ئێمە ئیدانەی ئەو ھێرشانە دەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın