تورکیا: "هیوادارین ڕێککەوتنەکەی سووریا کاریگەری هەبێت لەسەر هەوڵەکان بۆ سەقامگیری لەو وڵاتە"
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: "هیوادارین داهاتووی سووریا نەک لەسەر بنەمای تیرۆر و تەفرەقە بەڵکو لێکتێگەیشتنی بە تەواوی مانا لەسەر بنەمای یەکسانی و یەکگرتن بێت".
Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، داهاتووی سووریا نابێ لەسەر بنەمای تیرۆر و تەفرەقە بەڵکو پێویستە بە لێکتێگەیشتنی بە تەواوی مانا لەسەر بنەمای یەکسانی و یەکگرتن بونیاد بنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئاگربەست و یەکگرتنی تەواو لە سووریا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە کە، بە پێی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە لە لایەن سەرکۆماری سووریا ئەحمەد شەرع'ەوە ڕاگەیاندراوە، تێدا هاتووە کە ئامانج لێی، پێشبردنی خێرا و کاریگەری هەوڵەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە وڵات لەسەر بنەمای یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریایە. وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە کە "بە تێگەیشتن لە ڕاستییەکان لە دۆخەکەدا، هیوادارین هەموو گرووپ و لایەنەکان لەوە تێگەیشتبێتن کە داهاتووی سووریا نەک لەسەر بنەمای تیرۆر و تەفرەقە بەڵکو لێکتێگەیشتنی بە تەواوی مانا لەسەر بنەمای یەکپارچەیی، یەکسانی و یەکگرتن دەبێت".
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاواتەخواز بووە کە ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەری ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی سووریا و دراوسێکانی ئەو وڵاتە و هەموو ناوچەکە بێت.
هەروەها هاتووە کە سەردەمێکی نوێ لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سووریا دەستی پێکردووە و دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم ئەم وڵاتە کراوەتە بۆ داهاتوویەکی خۆشگوزەران، جەخت لەوە کراوەتەوە کە لەمڕۆوە ڕێککەوتنێکی هەستیار چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ڕاشیگەیاندووە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتگیری کردنی دەوڵەتی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و سەرلەنوێ بونیادنانەوەی وڵات بە ڕوانگەیەکی فرەڕەهەند و یەکگرتوو لەسەر بنەمای ڕەزامەندی گەلی ئەو وڵاتە".
