Arbil
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە ھەناردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستی پێکردووەتەوە.
بەھۆی بۆردومانکردنی کێڵگەی پارسی ئێران، ھەناردنکردنی غاز لەو وڵاتەوە بۆ عێراق ڕاگیرابوو کە ئەوەیش وای کرد کە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا، کەم ببێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد مووسا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی فەرمی وڵاتەکەی "INA" ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە، ھەناردەکردنی غاز لە ئێران بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی عێراق بە شێوەیەکی پلەبەندی و بە بڕی پێنج ملیۆن مەتر سێجا دەستی پێکردووەتەوە.
ئەحمەد مووسا ڕاشیگەیاندووە کە دەستپێکردنی ھەناردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق، وا دەکات لەم قۆناغەکەدا، بەرھەمھێنانی کارەبای نیشتمانی عێراق بەخێرایی زیاد بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی لەوەش کردوو کە لەم چەند ڕۆژێ ڕابردوودا، وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق، بەھۆی وەستانی ھەناردەکردنی غاز لە ئێرانەوە کاریگەر بوون و پەنایان بۆ غازی ناوخۆیی و "گازوایل" بردبوو، ئەوەیش بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کە توانرا لەو ماوەیەدا، کارەبای پێویست بۆ ھاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەردەوام دابین بکرێت.
گوتیشی: "ئێستا ئاستی بەرھەمھێنان گەیشتووەتە ١٤ ھەزار مێگاوات و دۆخەکە جێگیرە، ھەروەھا ئامادەکاریی باشمان کردووە، بۆ ئەوەی پێش وەرزی ھاوین بەپێی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو، کارەبای نیشتمانی بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین".
