ئابووری, عێراق

لەماوەی ٤٥ ڕۆژدا نرخی گۆشتی سوور بە ڕێژەی سەدا ١٢ بەرزبووەتەوە

ھاوردەی کەمتری ئاژەڵ و تێچووی زیاتری گومرگیی، نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە.

Heman Hussein Yaseen  | 20.02.2026 - نوێکردنەوە : 20.02.2026
لەماوەی ٤٥ ڕۆژدا نرخی گۆشتی سوور بە ڕێژەی سەدا ١٢ بەرزبووەتەوە

Arbil

هەولێر - AA

بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان بەھۆی خواستی زۆر و کەمی خستنەڕوو کە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ھاوردەکردن لە وڵاتانی دیکەوە ھەیە بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژ، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخەکان لە کاتی ھاتنی مانگی ڕەمەزان شتێکی نوێ نییە بەهۆی ئەوەی دەزگا پەیوەنددارەکان کەمتر دەپڕژێنە سەر چاودێری بازاڕ و ھەمیشە نرخەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، بەڵام لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا نرخی گۆشتی سوور چەند جارێک بەرزبووەتەوە و پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتریش دەکرێت.

لەگەڵ دەنگۆی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا (سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگی) و خواستی ھاووڵاتییان لەسەر گۆشتی سوور بەھۆی ھاتنی مانگی ڕەمەزان، ئەوا نرخی گۆشتی سوور ئاستێکی بەرزی تۆمار کردووە و پێشبینیش دەکرێت نرخەکان کەمێکی دیکە بەرزبێتەوە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر، هەڵمەت هەمزە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو باس لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور دەکات و دەڵێت: "لەگەڵ هاتنی هەر بۆنەیەکی ئایینی، ڕێژەیەک هەڵاوسان لە نرخی گۆشت ڕوودەدات، بەڵام بەو شێوازە نیە کە شیاوی باسکردن بێت، ئێستا کە خەریکی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا هەیە، دڵنیام کە پەیوەندی بەوە هەیە، پێشتر ئەم گومرگە بە کۆنتێنەر هەژمار دەکرا، واتا بازرگانان ڕێژەیەک لە گومرگییان دەدا، ئیستا ئەم بڕە پارەیەی کە وەک گومرگ وەردەگیرێت لەسەر بنەمای نرخی کاڵا هاوردەکراوەکانە نەک کۆنتێنەر".

هەڵمەت هەمزە گوتیشی: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، نرخەکان بەرزبووەتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر ئاژەڵ لە سووریاوە هاوردە دەکرا، ئێستا ئەوەش زۆر کەم بووەتەوە، واتا هاوردەکردن وەستاوە، لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانان ناتوانن بارەکانییان لە دەروازەکانی ئوم قەسڕ، عەقەبە و بەندەرعەباس بهێنن، بۆیە هاوردەکردن لەوێشەوە کەم بووە وبەهۆیەوە کاریگەریی زۆر کەوتووەتە سەر نرخەکان".

پێشتر بازرگانان دەیانتوانی هەر سەد دۆلارێک بە ١٣٢ هەزار دینار بگۆڕنەوە، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ئەم بابەتە بازرگانە عێڕاقییەکان لێی سوودمەند دەبوون و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەبوو بە نرخی ڕۆژ، دۆلار لە بازاڕی ڕەش بکڕینەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "بابەتی ئاڵوگۆڕی بازرگانان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانە چونکە بۆ نموونە بازرگانێکی عێڕاقی دەیتوانی زۆر بە ئاسانی دەستی بگات بە دۆلاری ١٣٢ هەزار دیناریی، بەڵام بازرگانەکانی خۆمان ناچاربوون لە بازاڕی ڕەش بیکڕنەوە (ئەمە نرخەکەی بەپێی ڕۆژ گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات)".

لەبارەی هاوردەکردنی ژمارەی ئاژەڵان بۆ پارێزگای هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا، هەڵمەت هەمزە گوتی: "ساڵانی رابردوو، هەر مانگێک تەنیا بۆ ناو شاری هەولێر زیاتر لە شەش بۆ حەفت هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە دەکرا، بەڵام ئێستا ئەو هاوردەکردنە نیە، هۆکارە سەرەکییەکەی لە ئێستادا سیستەمی ئەسیکۆدایە، هەرچەندە ئێمە دەتوانین شەش مانگ کێشەی دەستکەوتنی گۆشتی سوورمان نەبێت، بەڵام پێشبینی دەکەین ئەگەر وەستانی هاوردەکردن بەردەوام بێت، هەروەها خەڵکێکیش هەیە کە قۆرخکاریی لە بازاڕدا دەکات، بێگومان دۆخەکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت".

لەبارەی نرخیشەوهەڵمەت هەمزە گوتی: "لە ماوەی ٤٢ ڕۆژی ڕابردوودا، سێجار گۆڕانکارییمان لە نرخی گۆشتدا کردووە تا ئەو ئاستەی گۆشتی ئاژەڵی گەورە بووەتە ٢٠ بۆ ٢١ هەزار دینار، هەروەها ئاژەڵی بچووک گەیشتووەتە ٢٣ بۆ ٢٤ هەزار دینار، بۆیە پێشبینی دەکەین کەمێکی دیکە نرخ بەرزبێتەوە ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٤٥ ڕۆژی ڕابردوو سەدا ١٢ نرخەکا ن بەرزبووەتەوە".

هاوکات گۆشتفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی گۆشتی سوور چوار هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە هاوردەکردنی ئاژەڵ وەستاوە لەگەڵ ئەوەشدا کە پێشتر ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستانەوە نەدەگوازرایەوە بۆ شارەکانی دیکەی ناوخۆ بەڵام ئێستا ئەم پڕۆسەیەش لەلایەن بازرگانانەوە هەیە و ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور.

گۆشتفرۆش، ئیبراهیم حەکیم قەساب لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، وەک هەر خۆراکێکی دیکە، خواست لەسەر گۆشتی سوور زیاد دەبێت، لەم ماوەیەدا نزیکەی چوار هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک گران بووە، خەڵک هەیە توانای کڕینی هەیە و خەڵک هەیە ناتوانێت بیکڕێت چونکە دۆخی دارایی هاووڵاتییانیش باش نیە، ئەوەی ئێستا هەیە نرخی گۆشتی بەرخ و ئاژەڵی گەورە، لە جۆری نەرمە بە ١٨ی بوو، ئیستا بووە ٢٠ هەزار و کەمێک زیاتر".

لەبارەی هۆکارەکەی، ئیبراهیم قەساب گوتی: "هۆکارەکەی ئەوەیە کە خواست زۆرە و خستنەڕوو کەمە، پێشتر ئاژەڵەکان بە بچووکی لە سووریا، ئەرمینیا و جۆرجیا هاوردە دەکران و لێرە بەخێودەکران و گەورە دەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەی سووریاوە، هاوردەکردن لێی ڕاوەستاوە، هەروەها پێشتر ئاژەڵ لە هەرێمەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق نەدەگوزرایەوە، بەڵام ئێستا بازرگانان ئاژەڵ لە هەرێمەوە دەبەنە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق، کەواتا ئەمە هەڵاوسان دروست دەکات، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا پێشبینی دەکەین کە نرخی گۆشت هێشتا بەرەو بەرزبوونەوە بچیت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın