هەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی ھەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک راگەیاند.

Arbil
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی ھەشت حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک راگەیاند.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، ھەشت تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 دەستنیشانکران.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، پێنج لە تووشبووەکان لە شاری سلێمانی (چوار ئافرەت و یەک پیاو) کە چوار لەوان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون و یەک لەوان حالەتی نوێیە، سێ لەتووشبووان دانیشتووی سلێمانی و دوو لە تووشبووان دانیشتووی قەزای دەربەندیخانن.
ئاماژە بەوەشدراوە کە سێ تووشبووەکەی دیکە لە شاری دهۆک (دوو پیاو و یەک ئافرەت) کە دوو لەوان دانیشتووی قەزای زاخۆ و یەک لەوان دانیشتووی قەزای ئامێدییە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ١٧٠ تووشبووە کە لەنێویاندا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە و ٦١ نەخۆش چاکبووەتەوە، و ئەوانەی دیکە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکییدان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرییكردن لە بڵابوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، زنجیرەیەک رێکاری گرتووەتەبەر لەوانە قەدەغەکردنی هاتوچۆ، راگهیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن، داخستنی مزگەوت و شوێنە گشتییەکانی وەک پارک، مۆڵ، قاوەخانە و سینەماكان و چەند شوێنێکی دیکە، هەروەها وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن