کەیف و خۆشی و ئاڵنگاریەکانی بەفر لە سلێمانی
ئەندازیار محەمەد عومەر محەمەد: "تیمەکانمان پێش بارینی بەفر ئامادە دەکەین کە پێکهاتوون لە ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە راماڵین، پاککردنەوە و خوێڕێژکردن، تاکو رێگە سەختەکان و شەختەی رێگاکان بکەینەوە.''

As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی شەپۆلێکی پاڵەپەستۆی نزم هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتەوە، لەسەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و چەندین ناوچەی تر، بەفربارین لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد.
لەگەڵ بارینی بەفردا کە سەنتەری پارێزگای سلێمانی گرتۆتەوە، تیمەکانی فریاکەوتن، رێگاوبان، هاتوچۆ لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی چاوەڕوان نەکراو.
لەو گەڕەک و شەقامانەی سلێمانی کە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، تیمەکانی شارەوانی بۆ پاککردنەوەی رێگا بەردەوامن لە کارەکانیان، تاکو بەفری سەرشەقامەکان رابماڵن، هاوکات ئامێرو ئۆتۆمبێلی تایبەت سەرقاڵی خوێڕێژکردنی شەقامە سەختەکانن کە گومانی بەستنیان لێدەکرێت بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرماوە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی، ئەندازیار محەمەد عومەر محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە پێش هاتنی بەفرو سەرماوسۆڵە، تیمەکانی رێگاوبان ئامادەکاری دەکەن بۆ راماڵین و پاککردنەوەی رێگاکان لەبەفر و دەڵێت ''ئێمە تیمەکانمان پێش بارینی بەفر ئامادە دەکەین کە پێکهاتوون لە ئامێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە راماڵین، پاککردنەوە و خوێڕێژکردن، تاکو رێگە سەختەکان و شەختەی رێگاکان بکەینەوە.''
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە هەریەک لە دەروازەکانی شاری سلێمانی و رێگای نێوان قەزاو ناحیەکاندا تیمی تایبەت ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێک.
لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە سەردانی سلێمانی دەکەن بۆ بینی بەفر
- زۆر جار بەفر بارین تەنیا ناوچە شاخاویەکانی عێراق دەگرێتەوە و هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لێی بێبەش دەبن، هەر بۆیە پەیتا پەیتا گەشتیارێکی زۆر لە شارەکانی کەرکووک و بەغدا و ناوچەکانی ترەوە روو دەکەنە هەرێمی کوردستان بەتایبەت سلێمانی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش.
ئایشە محەمەد نۆ ساڵ لەگەڵ باوک و دایک و براکانیدا لە شارۆچکەی خورماتووەوە هاتۆتە سلێمانی، تاکو دیمەنی سەرنجڕاکێش ببینێت و شێرە بەفرینە لەگەڵ خوشک و براکانیدا دروست بکات، ئەو دەڵێت، هەموو کاتێک حەزم لە بەفرە و حەزدەکەم بێمە ئێرە بۆ شەڕەتۆپەڵ.
نور سەلمان ١٢ ساڵ یەکێکی تر لەو گەشتیارانەی بەهۆی بەفربارینەوە روویان کردۆتە سلێمانی و لە قەدپاڵی چیای ئەزمەڕدا سەرقاڵی شەڕەتۆپەڵ بوو لەگەڵ مامەکانیدا، ئەو دەڵێت ''لەگەڵ مامەکانمندا هاتین تاکو شەڕەتۆپەڵ بکەین".
رەواد سەلمان کە لەگەڵ خێزانەکەیدا هاتبوونە سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا کە هەرلەگەڵ بڵاو کردنەوەی هەواڵەکان بۆ ئەگەری بەفر بارین، ئێمە خۆمان ئامادەکرد کە ئەمڕۆ بێینە سلێمانی تاکو دیمەنی بەفر ببینین، منداڵەکان خۆیان دڵخۆش بکەن.
سەرحاد محەمەد-ی ١٩ ساڵ لە کەرکووکەوە هاتبووە سلێمانی تاکو کەشێکی خۆش و ئارامی ناو بەفر ببینێت، باس لەوە دەکات بەهۆی ئەوەی بەفر بارین لە ناوچەکەی ئەواندا نییە، لەگەڵ مامەکانیدا هاتوون تاکو شەڕەتۆپەڵ بکەن و شێرەبەفرینە دروست بکەن، ئەو باس لەوە دەکات کە بەگرووپێکی ٣٠ کەسی بە پاسێک هاتوون تاکو بێبەش نەبن لەو کەشوهەوا خۆشە.
هیچ رووداوێکی هاتوچۆ رووینەداوە و تا ئێستا تەواوی رێگاکان کراوەن
- هەرچەندە بەپێی پێشبینیەکان کەشناسی بێت بەفربارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی تا دەمەو ئێوارە دەخایەنێت، لەهەندێک گەڕەک و شەقام زەوی سپی کردەوە، تیمەکانی هاتوچۆش لە ئامادەباشیدان و بە شەقام و کوچەو کۆڵانەکاندا بڵاو بوونەتەوە و ناوبەناو دەوریەیان دەبێت، تاکو بەپەلە بچن بەدەم هەر رووداوێکی نەخوازراوەوە کە بەهۆی بەفربارینەوە ئەگەری روودانی هەیە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی کاروان محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە تائێستا بەهۆی بەفربارینەوە هیچ رێگایەک نەگیراوە، ئامادەباشی تەواو کراوە و داواشی کرد لە شۆفێران کە پابەند بن بە رێنماییەکانی هاتووچۆوە تاکو بەدوور بن لەهەر رووداوێک، هەروەک ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکانی بەردەوام دەگەڕێن لە شەقامەکان بۆ جیاتر کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە.
دابەزینی پلەکانی گەرما و رەوشی سووتەمەنی لە شارەکەدا
بارینی بەفر پلەکانی گەرمای لە شاری سلێمانی بۆ ژێر سفر دابەزاندووە، ئەمەش وای کردووە کە هاووڵاتییان پێویستیەکی زۆرتریان بە سووتەمەنی هەبێت بۆ خۆ گەرمکردنەوە.
ئەوەی بەدی دەکرێت، پەیتا پەیتا هاووڵاتییان روودەکەنە بەنزینخانە و شوێنە تایبەتەکان بۆ کڕینی نەوتی سپی بۆ خۆگەرمکردنەوە، هاوکات ئەوەی بەدی دەکرێت، ئۆتۆمبێلی تایبەت بە دابەشکردنی غاز بەسەر کۆڵانەکاندا دەگەڕێن، تاکو پێداویستیەکانی هاووڵاتییان لە ماڵان و چێشتخانە و کافتریاکان پڕ بەکەنەوە. هەرچەندە بەهۆی قەیرانی ماوەی پێشوو تا ئێستاش بەکەمی غاز دەستی هاووڵاتیان دەکەوێت.