
Dahuk
دھۆک - AA
کچێکی ئێزدی بەناوی "ڕێھام حاجی حەمێ"، پاش چەندین ساڵ لە دەربەدەری رزگارکرا و لە کەمپی شێخان لە پارێزگای دھۆک بە خزم و کەسوکاری شاد بوو.
ڕێھام حاجی حەمێ بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش و بەختەوەرم کە دوای نزیکەی ١٢ ساڵ گەڕاومەتەوە ناو کەسووکارم، ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش کە منیان ڕفاند، یەکەم جار بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ لای ئەبووبەکر بەغدادی بووم، ئەبووبەکر بەغدادی بەردەوام بە منی دەیگوت دەبێت ئاینی ئێزدی لە بیر بکەیت، ئێمەی کچانی ئێزدی زۆر ئەشکەنجەمان بینی لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ھەموو ڕۆژێک تەنھا خەونی ئەوەم دەبینی کە بگەڕێمەوە لای دایک و باوکم، ئەمڕۆ کە من ڕزگارکرام، نەمدەتوانی باوەڕ بکەم، وا بوو وەک ئەوەی لە خەونێکی جوانەوە بەئاگا ھاتبووم، من ئێستا ھەوڵ دەدەم ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەم، بەڵام ئەو یادەوەرییانە ھەمیشە لەگەڵم دەمێننەوە، ھیوادارم بە پاڵپشتی خێزان و کەسوکارم بتوانم ژیانێکی نوێ و بەختەوەر بەردەوام بکەم".
رۆژی سێی ئابی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکانیان لە ناوچەکەی کرد. لەو ھێرشەدا تیرۆریستان زیاتر لە شەش ھەزار و ٥٠٠ ئافرەت و منداڵی ئێزدییان رفاند و زیاتر لە ٣٥٠ ھەزار کەسی دیکەش ئاوارەی کەمپەکانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بوون.
دایکی ڕێھام بەناوی ئەلیفا خەلەف تەحلو زۆر دلخۆش بوو بە گەڕانەوە و ئازادبوونی کچی لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆريستی داعش، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "رێکخراوی تیرۆريستی داعش کە ھێرشی کرد، ئێمە لە ناحیەی سنوونێ بوون لە قەزای شنگال، نزیکەی ٧٧ کەس لە کەسوکارمان کەوتنە دەستی داعش، کچەکەم تەمەنی نێوان نۆ بۆ دە ساڵى بوو، نەببوو دە ساڵى کەوتە دەستی داعش، لەو ماوەیەی لە دەستی داعش دا بوو، قەت باوەرمان نەدەکر کە بە ساخی بەجێ ھێشت بێت، پێش پێنج ساڵ بە ئێمەییان گوت کە کچەکەم بەر بۆردۆمانی فرۆکە کەوتوو، ئەو ڕۆژانە قورسترین ڕۆژانی ژیانی من بوون، ئێمە بە شەھید حسابمان کرد، ئەو رۆژەی کە کچەکەم گەڕایەوە ماڵەوە، گریانمان لە خۆشی کرد، نەک لە خەم، ئەوە شادترین رۆژی ژیانی من بوو".
بە پێی ئاماری نووسينگەی کاروباری رفێندراوان، ھێشتا سێ ھەزار و ٥٨٨ لە کوردانی ئێزدی چارەنووسیان دیار نيیە، دوو ھەزار و ٥٠٠ کەسیش لەژێر دەستی داعش رزگارکراون.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن