ژنێکی ئاوارە جلوبەرگی کۆن بۆ گەرمکردنی تەندوور بەکاردەهێنێت
- کەمپێک کە چەندین چیڕۆکی جیاوازی تیادایە و دیمەنەکانیش جێگای تێڕامانن، بە گەڕانێکی کورت بەنێو کەمپەکەدا، چاوت دەچێتە سەر چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش، لەوانە بوونی تەندوور کە لە کۆنەوە بۆ دروستکردنی نان بە شێوازێکی تایبەت سوودی لێ وەردەگیرێت.

هەولێر - AA
کەمپی حەسەن شام یەکێکە لەو کەمپانەی کە لە میانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا، بۆ ئاوارەکانی سنووری نەینەوا دروستکرا و بە درێژایی ئۆپەراسیۆنەکە، ھاووڵاتییانی ناوچە جیاوازەکانی مووسڵ، گەیارە و دەشتی نەینەوا بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانیان، ئاوارەی نێو کەمپەکە بوون و بەشێکی زۆریشیان تا ئێستا لەم کەمپە ژیان بەسەر دەبەن.
حەسەن شام، کەمپێک کە چەندین چیڕۆکی جیاوازی تیادایە و دیمەنەکانیش جێگای تێڕامانن، بە گەڕانێکی کورت بەنێو کەمپەکەدا، چاوت دەچێتە سەر چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش، لەوانە بوونی تەندوور کە لە کۆنەوە بۆ دروستکردنی نان بە شێوازێکی تایبەت سوودی لێ وەردەگیرێت.
لە یەکێک لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی نێو کەمپەکە، ژنێک بەناوی فاتیمە دەلی لە گۆشەی خیوەتەکەیدا، دارێکی گۆچانئاسای بەدەستەوە بوو و لە تەک ئەویشدا ژنێکی دیکە سینییەکی بچووکی لەبەردەم دا بوو، پڕ بوو لەو تۆپەڵە ھەویرانە کە ئامادەکرابوون بکرێنە نان.
فاتیمە دەلی خەڵکی شارەدێی گەیارەی سەربە پارێزگای نەینەوایە و ماوەی شەش ساڵە لەنێو کەمپەکەدا ژیان بەسەردەبات و ژنێک لە رواڵەتدا قسەخۆش و لەناخەوەش پڕ لە ئازار، ھەر بەدەم کارکردنەوە باسی لە شێوازی نان دروستکردنەکەی دەکرد.
فاتیمە دەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەدەم نانکردنەوە گوتی: "ئێمە دەمێکە لەم کەمپە دەژین، بەھۆی نەبوونی نەوت و دار، ھەروەھا بەھۆی ئەوەی کە ناتوانین بچینە دەرەوەی کەمپەکە نان و پێداویستی دیکە بھێنین، بۆیە ناچارین بە جلوبەرگی کۆن، کارتۆن و چەندین شتی دیکە تەندوورەکە گەرم بکەین و ھەویرەکە بکەین بە نان".
فاتیمە دەلی بەھۆی زۆری ژمارەی خێزانەکەیەوە، رۆژانە دووجار تەندوورەکەی گەرم دەکات و ھەویرەکە دەکات بە نان و ھەر بە دەم کارکردنەوە دەڵێت "ئەگەرچی ئێستا بەرەو وەرزی گەرما دەچین و کەمتر نان دەکەین، بەڵام بەھۆی زۆری ژمارەی خێزانەکەم، بەیانییان و ئێواران دەبێت نان بکەین، سەرەڕای نەبوونی ئارد و داری پێویست".
لەبارەی سووتانی جلوبەرگی کۆن، کارتۆن و بابەتەی دیکە و کاریگەرییان لەسەر ژینگەی ناوچەکە، فاتیمە دەلی گوتی: "بەھۆی نەبوونی دار و نەوتەوە، ناچارین جلوبەرگ، کارتۆن، کۆنە پێڵاو و سندوق بخەینە نێو تەندوورەکە، ھەرچەندە دووکەڵی ئەم بابەتانە ھەناسەی لێ بڕیووین، بەڵام ناچارین و دەبێت بەردەوام بین".
کەمپی حەسەن شام لە سنووری پارێزگای ھەولێر، یەکێکە لەو کەمپانەی لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ئاوارەکانی شەڕی مووسڵ دروستکراوە، ھەرچەندە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵیش، ژمارەیەک لە ئاوارەکانی ناو کەمپەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و سەقامگیرییەوە، جارێکی دیکە گەڕانەوە ناو کەمپەکان و لە ئێستاشدا نزیکەی ھەزار خێزان لەم کەمپە دەژین.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن