چەمچەماڵ.. دووساڵە ئاو و ئاگر پێكەوە دێنە دەرەوە
لە قەزایەكی سنووری پارێزگای سلێمانی ماوەی دووساڵە لە بیرێكی ئاودا، ئاو و ئاگر پێكەوە هەڵدەقوڵێن و بەرپرسانی ناوچەكەش دەڵێن تائێستا نەیانتوانیوە چارەسەری ئەو بیرە ئاوە بكەن.
As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA
پێش دووساڵ هاووڵاتییەكی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ (66 كیلۆمەتر باشووری رۆژئاوای سلێمانی)، بە مەبەستی كشتکاری لە زەویەكەیدا كە دەكەوێتە دووری یەك كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزاكە و نزیكە لە رێگای سەرەكی سلێمانی ـ كەركووك، دەستی بە لێدانی بیرێكی ئاو كرد كە قوڵییەكەی نزیكەی 80 مەترە، بەڵام ئەوەی ئەو هاووڵاتییە و دواتریش بەرپرسانی ناوچەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتییانیشی تووشی سەرسوڕمان كرد، ئەوەبوو لەو بیرە ئاو و ئاگر پێكەوە هاتنە دەرەوە.
بەرپرسانی ناوچەكە و لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەڵێن بە هۆی بوونی بڕێكی زۆر غاز لەو ناوچەیە كە بە كێڵگەیەكی دەوڵەمەندی غاز دادەنرێت، ئەو بیرە ئاو و ئاگری لێ دێتە دەرەوە و نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت.
ئەو حاڵەتە ماوەی دووساڵە بەو شێوەیە بەردەوامی هەیە و ئاو و ئاگر پێكەوە دێنە دەرەوە و هیچ كێشەیەكیان نییە و پێكەوە هەڵدەكەن، ئەوەش جێگەی سەرنجی رێبوارانی ناوچەكەیە و تائێستا رۆژانە ئەو كەسانەی لەو رێگە سەرەكیەوە تێپەڕ دەبن سەردانی ئەو بیرە دەكەن و وەك ناوچەیەكی گەشتیاری لێهاتووە، بەرپرسانی ناوچەكەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و نزیك نەبوونەوە لە ئاگرەكە، شووراێكیان بە دەوری بیرەكەدا كردووە.
فەرمانگەی ژینگەش، چەند رێنماییەكی لە نزیك بیرەكەوە داناوە و ئەو كەسانە ئاگادار دەكاتەوە كە سەردانی ئەو جێگایە دەكەن، بەوەی ئاوی بیرەكە بۆ كشتوكاڵ و خواردنەوە دەست نادات، هەروەها ئاگاداریشیان دەكاتەوە لەوەی بۆ ماوەیەكی كەم لەو ناوچەیەدا بمێننەوە تاوەكو بۆنی غاز زیانیان لێنەدات.
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، رەمك رەمەزان لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك ئیدارەی ناوچەكە لە توانا و دەسەڵاتی ئێمە نییە ئەو ئاگرە كپ بكەینەوە یان سەری بیرەكە داپۆشینەوە، تا ئێستاش چەندین جار سەردانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كردووە و داوای هاوكاریمان لێكردوون".
ئەو گوتی: "ناوچەكە خاوەن غازێكی زۆرە و ئەو ئاوەش لەگەڵ غاز تێكەڵ بووە و پێكەوە دێنە دەرەوە، داوامان لە كۆمپانیا و وەبەرهێنەران كردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و سوود وەرگرتن لە غازەكەی، بەڵام تا ئێستا كەس وەڵامی داواكەی نەداوینەتەوە".
قایمقامی چەمچەماڵ، ئاماژە بەوەش دەكات ئاو و ئاگرەكە و بۆنەكەی زیانیان بۆ دانیشتووانی ناوچەكە نییە و تائێستاش رۆژانە وەك ناوچەیەكی گەشتوگوزاری سەردانی ئەو ناوچەیە دەكرێت.
