ژيان, archive

چیرۆکی سەگەکانی نوگرە سەلمان

ئێستا نە سەگەکان ماون نە زیندانی نوگرە سەلمان، بەڵام بۆ ئەوانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا رزگاریان بووە سەگەکانی ئەوێ ھەمیشە چیرۆکێکە تا مردن ناتوانن لە بیری بکەن چونکە بەشێکی زۆری منداڵەکانیان بوونە خۆراکی ئەو سەگانە.

14.04.2014 - نوێکردنەوە : 14.04.2014
چیرۆکی سەگەکانی نوگرە سەلمان

ھەولێر
ئەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بە سەلامەتی گەڕانەوە دەڵێن، سەدان کوردی ئەنفالکراو بوونە خۆراکی سەگەکان و چاوەڕێی ئەوە ناکەن رووفاتەکانیان بهێنرێتەوە.

خەرامان ئەحمەد، ژنێکی گەرمیانییە کە چیرۆکی کارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە و ئێستا لە ساڵەکانی پیری تەمەنیدایە. ئەو کاتێ باسی ئەو چیرۆکانە دەکا هێشتا دەگری. چونکە لەو پرۆسەیەدا حەوت کچ و کوڕی بۆ یەکجاریی لە دەستدا.

رۆژە سەختەکانی تەمەن، یادگاریی رۆڵەکانی لە رووداوەکانی رۆژانی ئەنفالکردندا لە بیری خەرامان نەبردۆتەوە، ئەو کە بەردەوام تەسبیحات دەکا و زوو زوو ھەردوو دەستی بە ئاسمانەوە دەپاڕایەوە بۆ رۆڵەکانی و ھەموو قوربانییانی ئەنفال دەڵێ" بەیانییەکی زووی مانگی چوار بوو ھاتنە ئاوایی حەیدەرە سووری دووزخورماتوو و ھەموومانیان کردە زیلی عەسکەرییەوە و بردمانییان بۆ نەوجول، دوایی بۆ عەسرەکەی بردمانییان بۆ تکریت. لە تکریت ژنان و منداڵان لە پیاوان جیاکرانەوە."

ئیتر پاش پێنج رۆژ لە مانەوە لە تکریت شوێنی لە دایکبوونی سەدام حوسێن، بە زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبیلی سەربازیی گواسترانەوە بۆ نوگرە سەلمان.

گرتووخانەی نوگرە سەلمان یەکێکە لە کۆنترین گرتووخانەکانی عێراق کە دەکەوێتە ناحیەی سەلمان لە پارێزگای موسەنا، گرتووخانەکە لە بیابانێکی نزیک لە سنوورەکانی عێراق - سعودیەدایە و لە بیستەکانی سەدەی رابردوو لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراوە.

کردەکانی ئەنفال یەکێکە لە دڕندانەترین شێوازەکانی قڕکردنی کورد لە مێژوودا کە رژێمی پێشووی بەعس لە عێراق بە سەرپەرشتیی سەدام حوسێن، ساڵی ١٩٧٨دەستیپێکرد و ساڵی ١٩٨٨ گەیشتە لوتکە، ئەو کردەیە بووە ھۆی زیندە بەچاڵکردنی ١٨٢٠٠٠ کورد کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵ بوون، ھەڵمەتەکە لە لایەن عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام کە سەرپەرشتیی کیمیابارانی ھەڵەبجەیشی بە چەکی کیمیایی لە ساڵی ١٩٨٨ کرد، بەڕێوەچوو.

نزار خەزرەجی، سوپاسالاری عێراق لە سەردەمی کردەکانی ئەنفال، لە یاداشتەکانیدا کە سەرتای ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، لەبارەی ناونانی قڕکردنی کورد بە ئەنفال کە یەکێکیشە لە سورەتەکانی قورئانی پیرۆز دەنووسێ: "لیوا روکن کامل ساجت کە پیاوێکی دیندار بوو ناوی ئەنفالی لەو کردەیە نا کە پشتی بە سورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز بەستبوو".

خەرامان لەبارەی سەگەکانی نوگرە سەلمانەوە دەڵێ: ھەموو کوردەکانی نێو گرتووخانەکەی ترساندبوو، باس باسی ئەو سەگانە بوو، ئەو سەگانەش سەگی ئاساییی نەبوون، تووکیان درێژ و بە زۆرینە رەنگ رەش و گەورە بوون، ئەوان زۆر برسی بوون و زۆر جار لەکاتی برسی بوونیاندا، ھاواریان لێ ھەڵدەسا. وەڕینی ئەوان بۆ گۆشتی ئەو کوردانەی رژێمی بەعس راپێچی کردبوون ھەموو گرتووەکانی دەھێنایە لەرزین.

ھەر خێزانێ لە گرتووخانەدا رۆڵەیەکیان نەخۆش کەوتبا، لەوەش دەترسا ببێتە خۆراکی سەگ. خەرامان ئەحمەد لەو بارەیەوە چیرۆکی مردنی خوشکی پیاوەکەی و خواردنی لاشەکەی لە لایەن ئەو سەگانەوە دەگێڕێتەوە" خوشکی پیاوەکەم ناوی فاتمە بوو عەمری لە شەستەکان بوو، ئەو کە نەخۆش کەوت مرد، ئیتر لە یەکێ لەو دوکانانەی لە گرتووخانە ھەبوون، پیاوەکەم کفنی بۆ سەند و منیش شۆردم و کفنم کرد، بەڵام دوای ئەوەی کە بردبوویان بینێژن عەسکەرەکان جەنازەکەیان لە دەست پیاوەکەم سەندبوو، پیاوەکەم کە ھاتەوە ئەگریا گوتی لاشەی فاتمم بینی سەگەکان قەپیان پیا ئەکرد و رایان ئەکێشا."

خەرامان لەبارەی سەگەکانەوە دەڵێ: زۆر جار لە گرتووخانەدا دوو کەس دەچوونە سەر شانی یەکتر و ئەیانبیین، بەپێی قسەی ئەو کەسانەی سەگەکانیان بینیوە و بە خەرامانیان دەگوت ئەو سەگانە بە زۆرینە رەش بوون، تووکیان درێژ بوو، گەورەبوون، زۆریش برسی بوون.

خەرامان ئەوەشی گوت کە خۆی دوو جار لەو تاقە بچووکەوەی لە ژوورەکەیاندا ھەبووە، گوێی لە خرمەی ئێسکی مردووەکان بووە کە سەگەکان دەیانکڕاندەوە. 

ھەڵمەتەکانی ئەنفال بە شەش قۆناغ تەواوکرا، کاریگەرترینیان ئەوەبوو کە لە گەرمیاندا کرا و ئێستاش زۆرینەی قوربانییان و ئەوانەی لە ئەنفال رزگاریان بوو لەو ناوچەیە دەژین کە بەپێی شارەزایان، ئەو رووداوە شوێنەواری خراپی لە زۆریی نەخۆشیی دەروونی بەسەر دانیشتووانی ناوچەکە بەجێ ھێشتووە.

ئەو پیرە ژنە  لە ماڵی یەکێ لەو کوڕانەی کە لە شاڵاوی ئەنفالدا رزگاری بووە لە شاری کەلار ژیان بەسەر دەبا، زوو زوو باسی مەجیدی پیاوی و کچ و کوڕەکانی دەکا و دەڵێ قەد ئەو ساتانەی بیرناچێتەوە کە دوو کچەکەیان لە باوەش دەرکردووە و کاتێ ویستوویەتی بەس کچە بچووکەکەی لەگەڵیدا بمێنێتەوە چۆن بە چەک لە پشتیان داوە و کچەکەیان لێ بردووە.

ئەگەرچی خەمەکانی ئەنفالکردنی رۆڵە و پیاو و کەسوکارەکەی دوو جار خەرامانی خستووەتە بەردەم جەڵتە و تەواو پەکی خستووە، بەڵام بە قسەکانی بێ مەگەر مردن نوگرە سەلمان و رووداوەکانی لەبیر بباتەوە. سەگە رەشەکانیش بۆ ئەو ھەمیشە چیرۆکێکی تەواونەکراون.

خەرامان لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: پاش پێنج مانگ لە مانەوە لە گرتووخانەی نوگرە سەلمان کە بەردەوام خەمی ئەوە بووە نە خۆی و نە پیاوەکەی نەخۆش بکەوێ، دواجار رزگاریان دەبێ، دەشڵێ" پیاوەکەم نەخۆش بوو، بەڵام خۆم ھێنامەوە نەمھێشت سەگە رەشەکان بیخۆن".

سەگەکانی نوگرە سەلمان چیرۆکی خواردنی گۆشتی ئاژەڵێکی تۆپیو، یان گۆشتێکی کۆن نییە، بە تەنیا خەمی خەرامانیش نییە، بەڵکو لە کوردستان ئەو چیرۆکە لەناو ماڵەکاندایە و سەگەکان ھەمیشە پاڵەوانی گێڕانەوەکانن، حیکایەتی زیندە بەچاڵ کردنیش نییە، حیکایەتی دەرخوارددانی گۆشتی سەدان کەسە بە سەگ، تەنیا کوردبوونیش ھۆکاربوو.

 
 
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın