ژيان, عێراق

چیرۆکی سەرکردایەتی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجەدا

بە هەڵبژاردنی سەبیحە ڕەزا وەک موختاری گوندی بانی شار، پارێزگای هەڵەبجە جارێکی دیکە سەلماندی کە هەمیشە پێشەنگ بووە لە بواری بەشداریپێکردنی ژنان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا.

Hemin Othman Mohammed  | 23.07.2025 - نوێکردنەوە : 29.07.2025
چیرۆکی سەرکردایەتی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجەدا

Halabja

هەڵەبجە - AA

هەڵەبجە، ئەو ناوەی کە مێژوویەکی پڕ لە ئازار و قوربانییدانی لە پشتەوەیە، ئەمڕۆ وەک پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان-عێراق، هێمای بەرەوپێشچوونی ژنانە لە بوارە جیاوازەکاندا.


پارێزگای هەڵەبجە، کە تاکە پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق پارێزگارەکەی ژن بێت، نموونەی سەرکردایەتی ژنان نیشان دەدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ڕابردووشدا پۆستە باڵاکانی پارێزگاکە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەبراوە.

سەبیحە ڕەزا حەمە ساڵح (٤٦ ساڵ)، کە موختاری گوندی بانی شار-ە لە بناری سورێن سەربە قەزای خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، چیرۆکێکی نوێی سەرکردایەتی ژنان لەو پارێزگایە تۆمار دەکات.

سەبیحە کە پێشتر چەندین پۆستی ئیداری لە کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە بەڕێوەبردووە، ئێستا لە گوندەکەی خۆیدا خزمەت دەکات و، هەوڵ دەدات وەک موختار ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت.

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبیحە باسی لە هەستی خۆی کرد دەربارەی پۆستەکەی و، ڕۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا و، ڕایگەیاند: "من شانازی دەکەم بە مێژووی هەڵەبجە کە یەکەم پارێزگایە لە ڕابردوودا ژن بەڕێوەی بردووە و، ئێستاش پارێزگارەکەی ژنە و تاکە پارێزگایە لە سەرانسەری عێراقدا پارێزگارەکەی ژن بێت. هەندێک پۆستی ئیداریمان لێرە ژن بەڕێوەی دەبات، جێگەی شانازییە بۆ من، خۆشحاڵم بەوە".

سەبارەت بە کاردانەوەکانی دانانی وەک موختاری گوندەکەی، سەبیحە ئاماژەی بەوە کرد سەرەتا بۆچوونەکان دوو لایەنە بوون، هەندێک پێیان باش بووە و هەندێکیشیان نیگەران بوون لەوەی کە ژنە و لەوانەیە نەتوانێت وەک پیاو کارەکانی جێبەجێ بکات و، گوتی: "وردە وردە ئەوانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتەی ژنیش لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ پیاو، دەتوانێت پۆستەکان بەڕێوە ببات، چ موختاری ، چ ئیداری، چ بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک بێت یان هەر پۆستێکی دیکە، هیچ جیاوازییەکی نییە".

سەبیحە کە ماوەی ١٤ ساڵ لە کەرتی تەندروستی خزمەتی کردووە، وەک کارمەندێکی چالاک و بوێر و لێهاتوو ناسراوە. ئەو چەندین بڕوانامەی ڕێزلێنان و سوپاسنامەی لەلایەن بەڕێوەبەری تەندروستییەوە پێ بەخشراوە، وەک خۆی دەڵێت لە ماوەی کارکردنیدا بۆ یەک چرکەش غیابی نەبووە.

سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە کەرتی تەندروستی سەبیحە ڕایگەیاند: "چەند پۆست و پلەیەکی ناو نەخۆشخانەکەم بەدەستهێناوە و هەموویم بڕیوە، خەفەر ئیداری بووم، بەشی چاودێری دایکان بووم، هەموو بەشەکانم تاقی کردووەتەوە و لە هەموو بەشەکانیشدا چالاک بووم و سەرکەوتووبووم تیایاندا".

هەروەها سەبیحە باسی لەو هاندان و پشتیوانی هاوکارەکانی کرد کاتێک پۆستی موختاری وەرگرتووە و، گوتی: "کاتێک ئەم پۆستەم وەرگرت، پۆستی موختاری زۆر پێیان باش بوو، کارمەندەکانی هاوڕێم دەیانگوت هێشتا ئەوە بۆ تۆ کەمە، دەتوانی ئیشی زیاتر و باشتر بکەیت".

سەبیحە وەک ژنێکی سەرکردە، پێیوایە ئەگەر ژنیش ببێتە موختار، ئەوا هیچی لە پیاو کەمتر نییە. ئەو ڕەخنەی لەو عەقڵییەتە گرت کە پێیوایە ژن ناتوانێت پۆستی باڵا بەڕێوەببات، گوتیشی: "تەنیا من تاکید لەوە دەکەمەوە کەسەکە ژن بێت یان پیاو بێت خۆی چەندە ئیرادەی هەبێت بۆ ئەو ئیشە".

هاوکات سەبیحە ئاماژەی کرد کە لەوانەیە ئەو پۆستی موختاری بە کەم بزانێت بۆ خۆی، چونکە هەست دەکات توانای لەوە زیاترە، بەڵام پێیوایە بۆ پیاوێک ڕەنگە ئەمە پێچەوانە بێت و نەتوانێت ئەو پۆستە بەڕێوەببات. جەختیشی لەسەر لەوە کردەوە کە هەموو شتێک دەکەوێتە سەر توانای کەسەکە، ڕەگەزی نێر بێت یان مێ، تا چەند ئیرادەی هەبێت و توانای هەبێت کۆنترۆڵی ئیشەکان بکات.

خەڵکی گوندی بانی شار بە گەرمی پێشوازییان لە سەبیحە کردووە و پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕیوە. سەبیحە سوپاسی خەڵکی گوندەکەی کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیانکردووە و بەڵێنیدا کە بەوپەڕی توانایەوە خزمەتیان بکات.

سەبارەت بە گوندەکە سەبیحە ڕایگەیاند: "بانی شار ئێستا ١١٨ ماڵە، خۆی ٢٥٠ ماڵە، بەڵام هەندێکیان لە سەیدسادق، هەڵەبجە، خورماڵ و سلێمانین و نەگەڕاونەتەوە، ئەوەی کە من زیاتر ئیشی تێدا دەکەم ناو گوندەکەیە، ئەوانەی کە لێرە نیشتەجێن. ئەوانی دیکەش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کاریان بە من بێت، ئامادەم هاوشێوەی خەڵکی ناو گوندەکە کار بۆ ئەوانیش بکەم".

دانیشتوویەکی گوندی بانی شار بە ناوی ئەڵڵا کەرەم حەمە ساڵح ڕۆستەم (٦٠ ساڵ) خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هەڵبژاردنی سەبیحە وەک موختاری گوندەکەیان و، گوتی: "پێمان خۆشە، چەندین موختارمان بووە، خۆشحاڵین بە موختارەکانی پێشووش، ڕۆڵی خۆیان بینیوە، ئەمڕۆ دەوری ئەوەیە ئافرەتیش ڕۆڵی خۆی ببینێت، جیاوازی چییە لە نێوان ژن و پیاودا، جا با ژنیش پۆست وەربگرێت، من وەک خۆم پێم خۆشە ئەم ئافرەتە ڕۆڵی موختاری ببینێت، بەڵکو پشتیوان بە خودا ببێتە پارێزگاریش و پۆستی دیکەش وەرگرێت".

بە هەڵبژاردنی سەبیحە ڕەزا وەک موختاری گوندی بانی شار، پارێزگای هەڵەبجە جارێکی دیکە سەلماندی کە هەمیشە پێشەنگ بووە لە بواری بەشداریپێکردنی ژنان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا.

خاتوو سەبیحە، وەک نموونەیەک بۆ سەرکردایەتی ژنان، هیوایەکی نوێ دەبەخشێتە ژنانی ناوچەکە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا بەشداری کارا بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە و یەکساندا بگێڕن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın