As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
سەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و ناوچەیەکی گەشتیاری دڵرفێنە و ئاوی سازگار بەناو کۆڵانەکانیدا هێندەی تر سیحری داوەتە ناوچەکە، لە وەرزی پاییزدا زیاتر دەبێتە جێی سەرنجی گەشتیاران.
سەرچنار هەروەک تاجێک دراوەتە گەردنی سلێمانی و جوانییەکی سەرنجڕاکێشی داوەتە شارەکە، هەر لە کۆنەوە هاووڵاتییان و گەشتیاران پەیتا پەیتا لە شارەکانی تری هەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان دەکردە ئەم سەیرانگایە.
سەرچنار لە سەرجەم وەرزەکاندا، چێژی خۆی هەیە. لە زستاناندا کاتێک تارای زیوین دەپۆشێت، رەنگی سپی کلوی بەفر و شینیی ئاوە سازگارەکە و درەختە سەوزە هەمیشە بەهارەکانی دیمەنێکی سحراوی دەدەنە ئەو ناوچەیە. لە هاوینیشدا گەشتیاران بۆ ساتێک خۆ فێنکردنەوە و هەڵاتن لە گەرمای تاقەتپڕۆکێک خۆیان دەخەنە کونجێکی ئەم ناوچەگەشتیارییەوە، بەڵام لە وەرزی پاییزدا، یەک پارچە رەنگی ئاڵتون ئەم سەیرانگا گەشتیارییە دادەپۆشێت و گەنجان و تازە بوک و زاواکان بۆ بەدەسختنی وێنەیەکی جوان کە بۆ یادگاری بمێنێتەوە لایان، ناوبەناو سەردانی سەیرانگای سەرچنار دەکەن.
هەرچەندە بەهۆی کردنەوەی چەندین پارک و ناوچەی تری گەشتیاری لە سلێمانی، لەئێستادا سەرچنار وەک پێشتر جەنجاڵی بەخۆیەوە نابینێت، بەڵام ئەوانەی بەحەسرەتی جوانییەکەی جارانەوەن، هاوکات ئەو گەشتیارانەی کە نەیانتوانیوە سیحری جوانی سەرچنار لەیاد بکەن ئێستاش بۆ جارێک بێت، لەگەڵ هەر سەردانی کردنێکیاندا خۆیان دەخەنە باوەشی درەختە ئاڵاو واڵاکانی سەرچنارەوە.
سەرچنار بە وەرزی پاییز سیحرێکی جیاواز تری هەیە و زۆرێک لە بوک و زاواکان بۆ گرتنی وێنەی یادگاری رووی تێدەکەن، ناوبەناویش خوێندکاران و گەنجان بۆ بەسەربردنی کاتێکی پشوو دێنە سەرچنار، خوڕەی ئاوی سازگار، دیمەنی زەردهەڵگەراوی گەڵاکان تێکەڵ بە ئاسمانی شین دەبێت و هێندەی تر سیحر لەو گەشتیارانە دەکات کە بۆی هاتوون.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
             