ژيان

پاقلاوە و شەربەت دوو میوانی هەمیشەیی سەر سفرەی بەربانگ

- ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت بازاڕی خواردن و خواردنەوەکان گەرمتر دەبێت و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بە نزیکبوونەوەی بەربانگ، بە کڕینی شەربەت، پاقلاوە و تورشیات بەرەو ماڵەوە دەگەڕێنەوە.

Heman Hussein Yaseen  | 06.04.2022 - نوێکردنەوە : 07.04.2022
پاقلاوە و شەربەت دوو میوانی هەمیشەیی سەر سفرەی بەربانگ

هەولێر - AA

ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا، کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت بازاڕی خواردن و خواردنەوەکان گەرمتر دەبێت و بەشێکی زۆری هاووڵاتییان بە نزیکبوونەوەی بەربانگ، بە کڕینی شەربەت، پاقلاوە و تورشیات بەرەو ماڵەوە دەگەڕێنەوە.

شەربەت کە کاتی بەربانگ لە مانگی رەمەزاندا لەسەر خوانی ماڵەکان دەبینرێت و ھاووڵاتییان چەند کاتژمێرێک بەر لە بەربانگ لە نۆرەی کڕینی شەربەتدا رادەوەستن و قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم دوکانەکانی فرۆشتنی شەربەت دەبینرێت.

خاوەنی ساردەمەنی میلانۆ لە شاری ھەولێر، حاجی ئیدریس مەلازادە لە ناوەڕاستی دوکانەکەیدا، چەندین جۆر میوەی داناوە، لەھەر جۆرە میوەیەکیش شەربەتێکی تایبەت دروست دەکات، جگە لەوەش سێ جۆر شیر دەفرۆشێت کە جۆرێکیان سادە و ئەوانی دیکەش بە تێکەڵەی فستق و مۆز کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە خواستی لەسەرە.

حاجی ئیدریس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ماوەیەکی زۆرە کاری دروستکردنی ساردەمەنی دەکەین، کارەکەشمان بەردەوامیی هەیە، بەپێی وەرزەکان جیاوازن لە وەرزی هاویندا کاری زیاتر دەکەین، بەڵام مانگی رەمەزان تایبەتە، چونکە ئەم مانگە وەکو کولتوورێکی لێهاتووە کە لەکاتی بەربانگ دەبێت هەموو کەس ساردەمەنی لەسەر سفرەکەیدا هەبێت".

لەبارەی جۆر و شێوازی دروستکردنی شەربەتەکانیان، حاجی ئیدریس دەشڵێت "لێرە ١٠ جۆری شەربەتمان هەیە؛ مێووژ، هەنار، پرتەقاڵ، لیمۆ، تەمەرهندی، نۆتێلا، گندۆرە، هەروەها سێ جۆر شیرمان هەیە کە یەکێکیان شیری سادە، دووانەکەی دیکەش بە تێکەڵەی فستق و مۆز".

گوتیشی: "بێگومان کاتێک خەڵک بەڕۆژووە، ئارەزووی خواردن و خواردنەوە دەکات، ئێمەش بابەتەکانمان بەردەوام لە تاقیگەکاندا بە سەرکەوتوویی دەردەچێت و پشتگیری بەردەوامی تەندروستیشمان هەیە، هەر ئەمەشە وا دەکات خەڵک زیاتر روومان تێبکات".

لەبارەی بازاڕی ساردەمەنی و جیاوازییەکانی بەراورد بە ئەمساڵ و ساڵانی پێشووتر، حاجی ئیدریس گوتی: "لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوە، بازاڕمان وەکو پێشتر نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کە ئابووری هەموو دونیا تێکچووە، لێرەش هەروایە، هاوکات نەبوونی مووچەش کاریگەری لەسەر بازاڕمان هەیە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر".

جۆرەکانی شیرینی بەتایبەت پاقلاوە، هاوشێوەی شەربەت لەسەر سفرەی بەربانگ دەبینرێت و بەشێک لە هاووڵاتییان وەکو نەریتێک بە درێژایی مانگی رەمەزان شیرینی لەسەر سفرەکانیان دادەنێن.

وەستا یاسین سەلیم کە بە درێژایی مانگی رەمەزان، کاتژمێر دووی دوای نیوە شەو دەست بەکاری دروستکردنی شیرمەنی دەکات و وەک خۆی دەڵێت تا بەربانگ بەو کارەوە سەرقاڵە و خەڵکێکی زۆریش رووی تێدەکەن.

وەستا یاسین سەلیم لەبارەی دروستکردنی شیرنەمەنییەکانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لێرە جۆرەکانی شیرینیمان زۆرە، بێگومان خەڵک لە مانگی رەمەزاندا کە بەڕۆژوو دەبێت، حەز بەو خواردنانە دەکات کە وزە پەیدا دەکەن، یەکێک لەوانەش شیرینییە، پێویستیشە لەسەر سفرەی ماڵەکان هەبێت، هەم بۆ وزە و هەم بۆ رازاندنەوەی سفرەکانیش، چونکە رۆژووەوان حەز دەکات سفرەی قەرەباڵغ بێت".

لەبارەی جیاوازی مانگەکانیشەوە بەراورد بە مانگی رەمەزان وەستا یاسین سەلیم گوتی: "ئەگەر وەرزی هاوین بکەین بە سێ بەش، ئەوا رەنگە یەک بەشی خەڵک حەز بە شیرینی بکات، چونکە بە گەرما کەمتر خواست لەسەر شیرینی هەیە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا، بووەتە کولتوورێک کە خەڵک پاقلاوە و شەربەت و تورشیات لەسەر سفرەکانیان دادەنێن، هەر بۆیەش ئێمە لەم مانگەدا، لە کاتژمێر دووی نیوە شەو لێرە دەست بەکار دەکەین بۆ ئەوەی خەڵک بۆ بەربانگ شیرینی و پاقلاوەن بۆ ماڵەوە ببەنەوە و ئێمەش، شتێکی جوانیان پێشکەش دەکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın