هەولێر.. منداڵانیش ناچنەوە شوێنی یاریکردنییان
یەکێک لەو شوێنانەی کە لە رۆژانی پشوودا، منداڵان کاتەکانییان لێی بەسەر دەبرد، شوێنی یاریکردنی منداڵان بوو کە لەبەشێکی زۆر لە پارکەکان شوێنێکی تایبەت بە یاریکردنی منداڵان دابینکراوە و ئێستا بە تێپی سوور و، بە سێ زمان لەسەری نووسراوە "قهدهغهیه"...

Arbil
بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی گرتەبەر و بە راگرتنی ناوەندەکانی خوێندن لە ٢٦ی شوبات دەستی پێکرد و دواتریش لە ١٤ی ئادار قەدەغەی ھاتوچۆی لەناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر راگەیاند و، تا ئێستا بۆ سێیەم جار ماوەکەی درێژکراوەتەوە تا یەکی نیسان.
یەکێک لەو شوێنانەی کە لە رۆژانی پشوودا، منداڵان کاتەکانییان لێی بەسەر دەبرد، شوێنی یاریکردنی منداڵان بوو کە لەبەشێکی زۆر لە پارکەکان شوێنێکی تایبەت بە یاریکردنی منداڵان دابینکراوە.
دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا شوێنی یاریکردنی منداڵانیش وەک شوێنە گشتییەکان داخراوە و بە تێپی سوور و، بە سێ زمان لەسەری نووسراوە "قهدهغهیه" و، لەچوار دەوری کەلوپەلی یاریکردنی منداڵاندا دراوە.
رۆژی ٢٦ی شوبات، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی داخست و دواتریش رۆژی ١٣ی ئادار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، چەند بڕیارێکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢ـی شەو، بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، قەدەغەی ھاتوچۆی ناوشاری لە ھەولێر و سلێمانیی راگەیاند، رۆژی ١٥ی ئادار، جارێکی دیکە وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.
لە رۆژی ٢٢ی مانگ، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم قەدەغەی ھاتوچۆی تا یەکی نیسان درێژکردەوە و رۆژی دواتر بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد، سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و جگە لە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ئەوا قەدەغەی ھاتوچۆی پیادەش راگەیاندرا.
تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان، ١٠٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و لەو ژمارەیەش ٦٩ کەسیان لە پارێزگای سلێمانی، ٣٢ کەس لە پارێزگای ھەولێر و دوو حاڵەتیش لە پارێزگای دھۆک ھەیە و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدانیشی تێیدایە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن