هونەر و كلتوور, ژيان

هەولێر.. بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر

- ئەندامێکی گرووپی نما، عەدنان عومەر ساڵح: "بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، هەر لەو ساڵەی کە پێغەمبەر تیایدا لە دایکبوو تا ئێستا کە دەکاتە هەزار و ٤٩٣ ساڵ بە ژمارەی ئەو ساڵانە کتێبمان هێناوە و دەیبەخشینەوە"

Hemin Hüseyin  | 20.11.2018 - نوێکردنەوە : 21.11.2018
هەولێر.. بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر

Arbil

هەولێر - AA

ساڵانە لە ١٢ی مانگی رەبیعولئەوەل و لە پێشوازی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد، دروودی خوای لێبێت، لەسەرتاسەری جیھانی ئیسلامی، رێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولود و مەڕاسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاھەنگی خۆشی بەڕێوەدەچێت و لە لایەن زۆرینەی دەوڵەتانیشەوە ئەو رۆژە دەکرێتە پشووی فەرمیی.

ئەم بۆنەیە لە مزگەوت و تەکیە و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەدەچێت و لە بەشێکی رێوڕەسمەکەشدا رێبازانی تەریقەتەکان دوای خواردنی شیرینی و پیرۆزبایی و یەکترماچکردن، ئەوا دەست دەکەن بە زیکرکردن و تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبن.

ئەمساڵیش وەک هەمیشە لەم رۆژەدا موسڵمانان لەبەرەبەیانییەوە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی شیرینی و رێوڕەسمی تایبەت و یەکێک لە رێوڕەسمەکانیش لە لایەن دەزگای نما دابەشکردنی ژمارەیەکی زۆر کتێبی ئایینییە بەسەر هاووڵاتییان لە نزیک قەڵای هەولێر و، ئەندامێکی ئەو دەزگایەش رایدەگەیەنێت کە بۆ ئەو رێوڕەسمە کتێبیان هێناوە و داواش لە موسڵمانان دەکات کە بۆ ساڵی داهاتوو هاوکاری پڕۆژەکەیان بکەن.

ئەندامێکی گرووپی نما، عەدنان عومەر ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی خێرخوازییەوە و کتێب لە نووسەران وەردەگرین و چاپی دەکەین و دەیبەخشینەوە، تا ئێستا ٣١ هەزار و ٥٠٠ کتێبمان چاپکردووە".

عەدنان عومەر ساڵح گوتیشی: " بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێت، هەر لەو ساڵەی کە پێغەمبەر تیایدا لە دایکبوو تا ئێستا کە دەکاتە هەزار و ٤٩٣ ساڵ بە ژمارەی ئەو ساڵانە کتێبمان هێناوە و دەیبەخشینەوە، کتێبەکان تایبەتن بە بواری پەروەردەیی خێزان و منداڵ و باسکردنی خۆشەویستی پێغەمبەر، داواش لە موسڵمانان دەکەین کە بۆ پڕۆژەی ئایندە هاوکاریمان بکەن".

وەک ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، محەمەد دروودی خوای لەسەربێت، لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایە پشووی فەرمیی.

سەرەتای یادکردنەوە و بەڕێوەچوونی مەولودی پێغەمبەر، وەک نەریتێک و رێزلێنان لە پێغەمبەری خوا، دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر و سەردەمی دەسەڵاتی حاکمی شاری ھەولێر، مزەفەرەددین کەوکەبەری.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın