هەرێمی کوردستان.. ئەم سەری ساڵە بازاڕی قەل کەمی کردووە
قەل یەکێکە لەو پەلەوەرانەی کە خواردنی گۆشتەکەی لە جەژناندا بووەتە نەریتێک و هەر گەلە و بەپێی جەژنەکانی خۆیان بە لێنانی، هەوڵ دەدەن ئامادەکاریەکەیان بۆ ئەو جەژنە بەتام تر بکەن.

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
قەل یەکێکە لەو پەلەوەرانەی کە خواردنی گۆشتەکەی لە جەژناندا بووەتە نەریتێک و هەر گەلە و بەپێی جەژنەکانی خۆیان بە لێنانی، هەوڵ دەدەن ئامادەکاریەکەیان بۆ ئەو جەژنە بەتام تر بکەن.
لەنێو دینی مەسیحییەکاندا خواردنی گۆشتی قەل یەکێکە لە نەریتەکانی شەوی سەری ساڵ، زۆر وڵاتیش لە جەژنی بەخشیندا ئەو خواردنە ئامادە دەکەن، لەنێو چێشتخانە و دامەزراوە فەرمیەکاندا بەتایبەت لەنێو کەرتی سەربازیدا.
لە هەرێمی کوردستان جگە لە جەژنەکانی قوربان، رەمەزان هاووڵاتییان لەئێستادا بۆ سەری ساڵ هەرکەسە و بەپێی توانا، هەوڵ دەدەن کە گۆشتی قەل لەسەر خوانی ئێوارەی سەری ساڵدا ئامادە بکەن.
ئەمە وایکردووە کە بەخێوکردنی قەل و فرۆشتنی بازاڕێکی زۆر پەیدا بکات لە زۆر گوند و شارۆچکەدا بەخێوکردنی قەل بۆتە پیشەیەکی باو.
هاووڵاتی رەسوڵ فایەق خواڕەحم لە گوندێکی دوورەدەستی سلێمانی لە گوندی پاڕەزان سەر ناحیەی زەلان، قەزای چوارتا بەدووری ٥٩ کم دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سلێمانی، لەنێوان چوارتاو ناحیەی زەلان، ئەو لە کێڵگەیەکدا نزیکەی دوو هەزار قەل بەخێودەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رەسوڵ فایەق خواڕەحم باس لەوە دەکات کە ئەو لە قەلی کوردی هێلکەکان دەگرێتەوە و دواتر لە رێگەی (مەفقەس)-ەوە دەیاننێتەوە و دواتر هەر لە بەچکەییەوە بەخێویان دەکەن و گەورەیان دەکەن.
رەسوڵ فایەق خواڕەحم باس لەوە دەکات کە هەموو ئەو هێلکانەی دەینێنەوە کوردین و لە گوندەکانەوە بەدەستی دەخەن، دوای هەڵهاتنیان رۆژانە دەیانخەنە نێو کەژ و کێوەکانی شارباژێر، تاکو خۆراکی پێویستی سروشتی وەربگرن و گەورەبن و دەڵێت ''لە سەرەتای بەهارەوە گەورەیان دەکەین، پاشان لە ناوەڕاستی وەرزی پاییزدا هێند گەورە دەبن کە بەکەڵکی سەربڕین و لێنان بێت. ئەوەشی کە مایەوە بۆ بەهار دایکەکانی دەفرۆشین و بەچکەکانیان جارێکی تر هەڵدەگرینەوە و بەخێویان دەکەینەوە و گەورەیان دەکەین بۆ ساڵێکی تر.''
بەھۆی خواستی زۆری ھاووڵاتییانەوە، زۆرجار لە وڵاتی ئێرانەوە، قەل ھەناردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام بە قسەی ئەو بە قەلی خۆماڵی ناگات، بە تایبەتی قەلی دەڤەری پێنجوێن و شارباژێری سەخت چونکە ناوچەیەکی کوێستانە و گۆشتی قەل لە ناوچەی کوێستاندا زیاتر پتەو دەبێ و ڕێژەی چەوری زیاترە، بۆیە خەڵکی زیاتر ئارەزوو لە قەلی خۆماڵی دەکات، بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا، چونکە قەل لە زستاندا تامەکەی خۆشترە.
رەسوڵ فایەق خواڕەحم بەدەم لەوەڕاندنی قەلەکانەوە باسی لەوە دەکرد کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا گۆشتی قەل رەواجی دەبێت و خەڵکێکی زۆر دێن بۆ کڕینیان،بە دانە و بە کۆمەڵ کە کیلۆی نزیکەی ١٤ هەزار دیناردەبێت بۆ نێرە و ٩ هەزار بۆ مێیەکان، جیاوازی نرخەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نێرەکان نزیکەی ٧-٨ کگم دەبن، بەڵام مێیەکان تا ٤- ٤،٥ کگم گەورە دەبن، لەکاتێکدا هەتاکو گەورەتربێت گۆشتەکەی خۆشتر دەبێت قەل و دەڵێت ''هەتا قەلە و بێت، واتە تاکو ٨ بۆ ٩ کگم قەلەوبێت، رەواجی زیاترە، قەل خواردنی خۆشترە، مێکانیان ٤-٥ کگم، نێرەکانیان ٧-٨ کگم دەبێت.گۆشتێ قەلی نێرە وشک نییە، بەڵکو چەورییەکی زۆری تێدایە ئەمەش تامێکی خۆش بە گۆشتەکەی دەبەخشێت"
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەنێو بازاردا کردوویەتی کیلۆیەک گۆشتی نێرەی قەلی ئێرانی تەنیا ٨-١٠ هەزار دینارە، بەڵام خەڵک کەمتر سەری تێدەکەن.
رەسوڵ فایەق خواڕەحم باس لەوە دەکات هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی جەژنەکاندا بەتایبەت لە نزیک سەری ساڵدا خەڵکێکی زۆر روویان تێدەکەن تاکو قەلیان لێ بکڕن، بەڵام ئەمساڵ وەک پێشوو کڕیاریان نەبووە و گوتی: ''کڕیار لەم کاتانەدا کە پێمان نایە پاییز لە جەژنی قوربان و رەمەزاندا، رەغبەتی هەیە و لە ساڵانی رابردوودا پێش سەری ساڵ بەشێکی زۆرمان لێ دەفرۆشتن.''
رەسوڵ فایەق خواڕەحم لەبارەی لێنانەکەیەوە خۆی بە وەستایەکی باشی لێنانی گۆشتی قەل دەزانێت و ئاماژە بەوە دەکات کە گۆشتی قەل کەمێک زیاتر لە پەلەوەرەکانی تر پێویستی بەئاگرە تاکو بکوڵێت و دەڵیت ''ئەوەندەی ئاو تێدەکەیت کە بەفیڕۆ نەچێت، نەزیاد نە کەم، هەندێک داوودەرمانی گۆشتی سپی (پەلەوەر) هەیە کە تێی دەکرێت تاکو زیاتر تام بگرێت، دواتر نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو لەسەر ئاگر دەبێت، ئەویش بەپێی قەبارەی قەلەکە، تا گەورەتر و بەتەمەن تر بێت زیاتر دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی تاماوێکی باشتر بداتەوە، دواتر ئاگرەکەی کز دەکرێت و ئامادە دەکرێت بۆ خواردن.''